سێ کەس لە مامۆستایان و چالاکانی پیشەیی شاری دیواندەرە لە کاتی بەشداریی لە کۆبوونەوەی مامۆستایان لە پێش فەرمانگەی پەروەردە و بارهێنانی شاری دیواندەرە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٤ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، سێ کەس لە مامۆستایان و چالاکانی پیشەیی شاری دیواندەرە بە ناوەکانی مەحیەدین کەریمیان، ئەسعەد عەلەوی و کوروش بابامورادی، لە کاتی بەشداریی لە کۆبوونەوەی مامۆستایان لە پێش فەرمانگەی پەروەردە و بارهێنانی شاری دیواندەرە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران.
ئەم کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە لە دوای بانگهێشتی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان لقی دیواندەرە کاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە لە پێش بینای فەرمانگەی پەروەردە و بارهێنانی شاری دیواندەرە بە نیشانەی ناڕەزایەتیی دەربڕین لە هەمبەر درێژەی دەستبەسەرکرانی چوار مامۆستای خەڵکی دیواندەرە و چەندین داواکاریی دیکەی مامۆستایان بەڕێوە چوو.
هەر بە پێی ئەو سەرچاوەیە هێزەکانی ڕێژیم هێرشیان کردووەتە سەر کۆبوونەوەکە و بێ ڕێزیان بە مامۆستایان کردووە.
جێگای ئاماژەیە کە چوار مامۆستای خەڵکی دیواندەرە بە ناوەکانی ئومێد شامحەممەدی، هیوا قورەیشی، پەرویز ئەحسەنی و کاوە محەممەدزادە ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لەو دیواندەرە دەسبەسەر کراون.
ئەم چوار مامۆستایە ئێستا لە دەسبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگیراون و لەلایەن ئەم ناوەندەوە بە هاوکاریی حیزبێکی کوردیی دژبەری ڕێژیم تۆمەتبار کراون.