١٨ میلیۆن پەراوێزنشین، سەدی ٢٣ی تەڵاقو ٢ میلیۆنو ٦٠٠ هەزار ژنی سەرپەرستی بنەماڵە، ٤ میلیۆن موعتاد، ٨٠٠ هەزار زیندانیو، ٣٠ هەزار كوژراوی ڕووداوی هاتوچۆ له ساڵدا چهند دیمهنێکی ڕوخساری كۆمەڵگەی ئێرانە که به ئامار وێنا کراوه.
بەهمەن مشكینی، ڕاوێژكاری وەزیری نێوخۆی ئێران وێڕای دانپێدانان بە ئەو گیروگرفتانە گوتی كاربەدەستان نهدهبوا بە هۆی ئەو هەمووە گیروگرفتانەوە شەو خەویان لێ بكەوێ.
ناوبراو وێرای ئاماژە بە ١٨ میلیۆن کهسی پەراوێزنشین گوتی ڕوانگەی دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ ئەم مەسەلەیە، ڕوانگەیەكی بەرپرسانە نییە.
مشكینی هەروەها ئاماژەی بە زیانە كۆمەڵایەتییەكانی وەك ئیعتیاد كردو گوتی، لە خۆشبینانهترین حاڵەتدا نزیك بە ٤ میلیۆن كەس موعتادمان هەیە و ئەمە بەم مانایەیە كە ٤ میلیۆن بنهماڵهش ئاوقای ئهو بهڵا مالوێرانکهره بوون.
ئهو ئاماژەی بە ئاماری سەدی 50ی تەڵاق لە هێندێك لە پارێزگاكانی ئێراندا كردوهو لە زمان ڕێكخراوی سەبتو ئەحواڵەوە دهڵێ ڕێژەی تەڵاق لە ئێران لە هەر كاتژمێرێكدا ١٨ كەس بوو، بەڵام ئێستا لە ١٩ كەس تێدەپەڕێ.
مشكینی لە لایەكی دیكەوە وێرای ئاوڕدانەوە لە بارودۆخی ٢ میلۆنو ٦٠٠ هەزار ژنی سەرپەرستی بنەماڵە گوتی بەرزبوونەوەی تهمەنی پێكهێنانی ژیانی هاوبەش، ئیعتیاد به مادهی هۆشسبهر و كۆمەڵێكی دیكەی زیانە كۆمەڵایەتییەكان هۆكاری سەرەكیی بەرزبوونەوەی ژنانی سەرپەرستی بنەماڵەن، بهڵام ئهو ژنانه کهمترین ئاوڕیان لێ دهدرێتهوه.
ڕاوێژكاری وەزیری نێوخۆی ئێران هەروەها ئاماژەی بە ١٥ میلیۆن پەروەندەی قەزایی كرد كە لە حەشیمەتی ئێستای ئێران لە هەر ٥ كەس كەسێكیان ڕێی لە دەزگایی قەزایی ئێران كەوتووە.
شایانی باسە كە مشكینی ئاماژەی بە ٢٢٠ هەزار بەندكراوی سابت و ٦٠٠ هەزار بەندكراوی بگۆڕی دیكە له نیزامی دادئهستێنیی ئێراندا كردو دانی بەوەدانا كە تاوانەكان لهو وڵاته ههر دێو ڕوو لە هەڵكشان دهکهن.