لە ڕۆژی ڕابردوودا دەیان کەس لە کەسایەتی و شێخ و چالاکانی عەرەبی ئەهواز لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دسبەسەر کراون.
لە درێژەی نارەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران، بەدژی ناکارامەیی بەرپرسانی ڕێژیم بەتایبەت لە بوواری ژینگە و بێئاوی کە هەر وا بەردەوامە و پاش ناڕەزاتییەکانی خەڵکی ورمێ، بەهۆی وشکبوونی گۆلی ورمێ، ئێستا پارێزگای خووزستان سەرەڕای ئەوەیکە پێنج ڕووباری گەورەی هەیە لەو چەند ساڵەدا بووەتە شوێنێکی بێ ئاو و تینوو و یەکەم پارێزگای بێئاوی ئێران و بەو هۆیەوە خەسارێکی زۆر بەر زەوی و زار و گیانلەبەرە ئاوییەکان و خەڵکی ئەو ناوچەیە کەوتووە.
لەو پێوەندییەدا دوای ئەوەیکە شێخە عەرەبەکانی خووزستان و چالاکانی ژینگەیی بۆ دەربرینی ناڕەزایەتی بە بێئاوی، خۆپیشاندانیان کردووە، کۆمەڵێک لە چالاکان و شێخەکانی عەرەب لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە دەسبەسەر کراون.
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا کە گەرمترین ڕۆژەکانی ساڵ بوو بەتایبەت لە باشووری ڕۆژاوای ئێران، بەهۆی لێدانی بەنداو و راگواستنی ئاوی ئەو پارێزگایە بۆ شارە فارسنشینەکان، بە سەدان ئاژەڵ و گیانلەبەری ئاویی لە نێوچوون.
شایانی باسە کە کاربەدەستان و بەرپرسانی ڕێژیم لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامییەوە تا ئێستا بەردەوام وڵامی ویست و داواکانی خەڵکی ئیرانیان بە دەسبەسەرکردن و سەرکوت داوەتەوە وهیچکات لە بیری دۆزینەوەی ڕێگا چارە بۆ کێشەکان نەبوون.