هاوڵاتییەکی دەسبەرکراوی خەڵکی مەهاباد، بەناوی “نادر بایەزیدی” پاش تێپەڕبوونی یەک مانگ لە دەسبەرکرانی چارەنووسی نادیارە.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان “چاونیوز” ڕۆژی شەممە ١ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، پاش تێپەڕبوونی یەک مانگ بەسەر دەسبەسەرکرانی “نادر بایەزیدی” هاوڵاتیی خەڵکی گوندی “لەوج”ـی سەربە شاری مەهاباد لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران، وێڕای بە دواداچوونی بنەماڵەکەی تا ئێستا لە سەر چارەنووس و شوێنی مانەوەی هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.
هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری مەهاباد، مانگێک لەمەوبەر بێ هیچ بەڵگەیەکی قەزایی، “نادر بایەزیدی”ـی هاوڵاتیی خەڵکی مەهابادیان دەسبەسەر و هەر ئەو کات گواستوویانەتەوە بۆ یەکێک لە گرتنگەکانی ئیتلاعات لە شاری ورمێ بەڵام تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک لە سەر شوێن و چارەنووسی ناوبراو لە بەردەستدا نییە و دەسەڵاتدارانی ڕێژیم لەو بارەیەوە هیچ شتێکیان بە بنەماڵەکەی ڕانەگەیاندووە.