ئەرتەشی ئیسرائیل لە ناوچەکانی نزیک لە شاری “دەمێشق”ـی پێتەختی سووریە، لە ڕێگەی فڕۆکە شەڕکەرەکانییەوە مۆڵگەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران و حیزبوڵای لەو ناوچەیە کردە ئامانج.
بەپێی ڕاپۆرتی چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە، بەرە بەیانیی ڕۆژی هەینی ٣١ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، دوابە دوای ئەوەیکە دەزگای زانیاریی “مووساد”ـی ئیسرائیل لە شاری تاران لێپێچینەوەی لە بەرپرسێکی بەشی بەرنامەی مووشەکی و ناوکیی سپای تێرۆریستی پاسداران کرد و بۆی دەرکەوت کە ئەو بەرپرسە دەستی هەبووە لە ناردنی چەکوچۆڵ و کەرەسەتەی سەربازیی بۆ سووریە، عێراق، لوبنان و یەمەن، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل لە ناوچەکانی نزیک شاری “دەمێشق”ـی پێتەختی سووریە مۆڵگەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران و حیزبوڵای لوبنانی کردە ئامانج و چەندین بریندار و کوژراوی لێکەوتووەتەوە.
لەو هێرشەدا، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل، کارگەیەکی گەورەی دروستکردنی مووشەکی ئێرانی لە نزیک شاری دەمێشق بە تەواوی خاپوور کرد و باس لە کوژرانی چەند بەرپرسێکی سپای تێرۆریستی پاسدران دەکرێ بەڵام ناوەکانیان ئاشکرا نەکراوە و چەندین جارە کە فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل مۆڵگەکانی سەربە سپای پاسداران و میلیشیاکانی حیزبوڵای لوبنان لەو ناوچەیە و بە تایبەت شوێنی دروستکردنی مووشەک و چەکوچۆڵەکانی ڕێژیم دەکەنە ئامانج و لە ناویان دەبەن.