دەزگای زانیاریی مووسادی ئیسرائیل لە نێو شاری تاران، لێپرسینەوەی لە بەرپرسێکی سپای تێرۆریستی پاسداران کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی “ئێران ئینتێرناشناڵ” ڕۆژی هەینی ٣١ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، مەئموورانی دەزگای زانیاریی “مووساد”ـی ئیسرائیل لە شاری تارانی پێتەختی ڕێژیمی ئێران، لێپێچینەوەی لە بەرپرسێکی بەشی مووشەکی و بەرنامەی ناوکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ناوی ” یەدوڵا خدمەتی” کرد و دوای چەند کاتژمێر لە لێپێچینەوە لە ناوبراو، مووساد بە بەڵگەوە زانیاریی لە بارەی ناردنی چەکوچۆڵەوە بۆ سووریە، عێراق، لوبنان و یەمەن دەست کەوتووە و بە تەواوی دەرکەوتووە کە کردەوەی تێکدەرانە و تێرۆریستیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە ڕاستەوخۆ لە لایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە سەرپەرستیی دەکرێن.
یەدوڵا خدمەتی، لە لێپێچینەوەدا دانی بەوەدا ناوە کە، ڕۆڵی گرینگی لە ناردنی چەکوچۆڵ بۆ میلیشیا تێرۆریستەکانی سەربە ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا هەبووە و لەو بەشی بەرنامەی مووشەکی و ناوکییدا کاری کردووە و ڕایگەیاند کە لە کردەوەکانی خۆی پەشیمانە و سپای تێرۆریستی پاسداران پێی کردووە و داوا لە هاوکارەکانی دیکەی لە بەشە جیاوازەکانی دیکەی ئۆرگانەکانی سپای پاسداران دەکا کە بە زووترین کات واز لە کارەکانیان بێنن کە پشتیوانی لە کردەوەی تێرۆریستیی سپای پاسداران دەکەن، لەبەر ئەوەی ئیسرائیل لە نێو دڵی سپای پاسداراندایە و بە تەواوی دەستی بەسەر ئۆرگانەکاندا گرتووە.