دوو کۆڵبەری بە ساڵاچووی خەڵکی شاری نۆدشە و کۆڵبەرێکی خەڵکی بانە لەکاتی کۆڵبەری بە هۆی ڕاوەدوونان و تەقەی هێزەکانی ڕێژیم بە سەختی بریندار دەبن.
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٣٠ی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، دوو کۆڵبەری بەساڵاچووی خەڵکی نۆدشە بە ناوەکانی “یاسین عادڵ” تەمەن ٥٠ ساڵ و “ئیبراهیم ڕەحیم پوور” تەمەن ٥٦ ساڵ لە کاتی کۆڵبەری لە کوێستانەکانی گوندی نروێ سەر بە شاری نەوسوود بە هۆی بەربوونەوە لە هەڵدێرێکەوە لە کاتی هەڵاتن لە دەست هێزەکانی ڕێژیم بە سەختی بریندار بوون.
ئەم دوو کۆڵبەرە کاتژمێر ٣ی بەرەبەیانی لە کاتێکدا هێزەکانی سپای پاسداران شوێنیان کەوتوون و تەقەیان لێیان کردووە لە هەڵدێرێکەوە بەر بوونەتەوە و لە بەشی سەر، دەست و لاق بە سەختی بریندار بوون و بە هۆی سەختی برینەکانیانەوە ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکان کراون.
هەروەها ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی پووشپەڕ، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی “مەهدی خادەم مەسجد” خەڵکی گوندی “کەمەرەسپی” شاری بانە، بە تەقەی هێزە کانی ڕێژیم بە سەختی پێکرا .