نوێنەری خامنەیی لە خووزستان دەڵێ: ئەگەر هەر بنەماڵەیەک چوار منداڵی بێ، زۆربەی کێشەکان چارەسەر دەبن.
ئاخوند “محەممەدنەبی مووسەویفەرد” نوێنەری خامنەیی لە پارێزگای خووزستان، وێڕای ئەوەی کە بەوپەڕی ڕووهەڵماڵاوییەوە دەڵێ نابێ بە بیانووی دۆخی ئابووریی پێش بە مندالبوون بگیرێ وتی: هەر بنەماڵەیەک دەبێ لانیکەم چوار منداڵیان ببێ، جا ئەوکات زۆربەی کێشەکان چارەسەر دەبن و دەبێ لەگەڵ بێحیجابی بەرەوڕو ببینەوە بۆ چارەسەری زۆربەی کێشەکان.
هەر لەو پێوەندییەدا عەلی وەحدانیفەر پێشنوێژی دێهدەشت وتی: ئەگەر لە بابەتی حیجاب کۆتا بێین دەبێ لە زۆر بابەتی دیکەش کۆتا بێین و بۆیە کۆماری ئیسلامی دەبێ لە بەرامبەر کەمپەینەکانی دژی حیجابی زۆرەملێ، لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بوەستێتەوە و دامەزرێنەرانی ئەو کەمپەینانە سزا بدرێن.
جێی ئاماژەیە کە هەڵاوسانی ئابووری و دۆخی خراپی خەڵکی ئێران، وای لە خەڵک کردووە کە بەشیکی هەرە زۆری کۆمەڵگەی ئێران بکەونە ژێرخەتی هەژاری و برسییەتییەوە و لەدابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستیی ڕۆژانەی ژیاندا بمێننەوە کەچی بەرپرسانی گەندەڵی ئەو ڕێژیمە بانگەشە بۆ خستنەوەی منداڵ و حیجاب دەکەن.