هەواڵدەریی “ئاناتۆڵی” ڕۆژی هەینی ٣١ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە لە دادگای تاوانەکان لە ئیستانبوڵ، حوکمی بەندکران بۆ ٧ ئێرانی کە بە تاوانی تێرۆرکردنی شارۆمەندانی ئیسرائیلی لە وڵاتی تورکیە دەسبەسەر کرابوون دەرکرد.
ئیسرائیل مانگی ڕابردو داوای لە شارۆمەندانی خۆی کرد کە تا دەسبەسەرکردنی تەواوی ئەو تیمە تێرۆریستییانەی ئێران لە تورکیە، لە سەفەرکردن بۆ ئەو وڵاتە خۆیان ببوێرن و داوای لە هاوڵاتییانی لە تورکیە کردبوو بە زووترین کات تورکیە بەجێبهێڵن.
ڕاگەیاندەکانی ئیسرائیل لەو بارەوە دەڵێن کە ڕێژیمی ئێران بە تۆڵەی فەرماندە کوژراوەکانی سپای پاسداران لە هەوڵی تێرۆرکردنی شارۆمەندانی ئیسرائیلیدایە، لەو پێوەندییەدا “محەممەدعەلی جەعفەریان” فەرماندەی پێشووی سپا ڕایگەیاندبوو کە ئێران خەریکی زەبرلێدانی قورسە لە ئیسرائیل تەنانەت لە وڵاتانی ناوچەکەش.
بەرپرسانی ئیسرائیل “حوسێن تائێب” بەڕێوەبەری ئەو کاتی ناوەندی ئیتلاعاتی سپا بە بەرپرسی ئەو چالاکییە تێرۆریستییە بەدژی شارۆمەندانی خۆیان لە تورکیەدا دەزانن و دەڵێن ناوبراو لە ژێرچاوەدێری ئێمەدایە.
جێی ئاماژەیە کە حوسێن تائێب دوو ڕۆژ دوای ئەو قسانەی بەرپرسانی ئیسرائیلی بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو لە پۆستەکەی دوور خرایەوە.