فیلمی “پێشمه‌رگه” له ده‌رهێنانی هانری لێوی، فه‌یله‌سوفی ناوداری فه‌ڕانسه‌وی له فستیڤاڵی فیلمی “کان”دا پیشان ده‌درێ.
ئه‌و فیلمه له به‌ره‌کانی شه‌ڕ له کهرکوکو شه‌نگال وێنه‌ی گیراوه‌و باس له شه‌ڕی پێشمه‌رگه کورده‌کان له‌گه‌ڵ گرووپی تێرۆریستیی داعش ده‌کا.
بێرنارد هانری لێوی، ده‌رهێنه‌ری ئه‌و فیلمه وه‌ک یه‌کێک له لایه‌نگرانی سه‌ربه‌خۆیی کورده‌کان ده‌ناسرێ.
وه‌ک به‌رپرسانی فگستیڤاڵی کان باسی ده‌که‌ن، بۆ دروستکردنی ئه‌و فیلمه هاتوچۆی هه‌زاران کیلۆمیتر به‌ره‌ی شه‌ڕی داعش له هه‌رێمی کوردستان کراوه‌و له سه‌نگه‌ری پێشمه‌رگه‌کان، دیمه‌نه‌کانی شه‌ڕو ڕوخساری ژنان‌و پیاوانی قوربانیی شه‌ڕی داعش وێنه هه‌ڵگیراوه.
فیلمی “پێشمـه‌رگه” له به‌ره‌ی هه‌ره پێشه‌وه‌ی شه‌ڕ له هێڵه‌کانی که‌رکووکو شه‌نگال وێنه‌ی گیراوه‌و بۆ ده‌ستخستنی هه‌ندێ وێنه‌و دیمه‌نی نێوشاری موسڵ که له‌به‌رده‌ستی داعش دایه، فڕۆکه‌ی بێفڕۆکه‌وان به‌کار هاتوه.
مارگۆ سینما، وه‌به‌رهێنه‌ری ئه‌و فیلمه له به‌یاننامه‌یه‌کدا ده‌ڵێ فیلمی ” پێشمه‌رگه” ڕێز‌و پێزانینێک بۆ ژنان‌و پیاوانی ئازا‌و به‌جه‌رگی کورده.
بێرنارد هانری لێوی، ڕۆژنامهنووسو فه‌یله‌سوفی ته‌مه‌ن ٦٧ ساڵه‌ی خه‌ڵکی فه‌ڕانسه به هه‌واڵده‌ریی فه‌ڕانسه‌ی ڕاگه‌یاندوه که به دروستکردنی ئه‌و فیلمه له ١٠٠ ساڵه‌ی په‌یماننامه‌ی سایکس _ پیکۆدا ویستوویه‌تی له ڕوانگه‌ی ئه‌خلاقییه‌وه دان به نیشتمانی سه‌ربه‌خۆی کورد دابنێ‌و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردستان به ڕه‌سمی بناسێ؛ ئه‌و ده‌ڵێ په‌یماننانه‌ی سایکس _ پیکۆ بوو که نیشتمانی کورده‌کانی کرده چوار لهتو به‌شبه‌شی کردن.
ئه‌و ڕووناکبیره‌ی فه‌ڕانسه ده‌ڵێ فیلمی “پێشمه‌رگه” ده‌یه‌وێ ئه‌و بێعهداڵهتیو نادادپه‌روه‌رییه‌ی له دژی خه‌ڵکی کوێستان، واته کورده‌کان کراوه، کۆتایی پێبێو ئه‌و مافه‌یان بۆ بگه‌ڕێته‌وه.
بڕیاره فیلمی “پێشمه‌رگه” ڕۆژی هه‌ینیی ئه‌م حه‌وتوویه، ٣١ ی بانه‌مه‌ڕ بۆ یه‌که‌مجار له فستیڤاڵی فیلمی “کان”دا پیشان بدرێ.