کاک برایم هەمزەیی، کەسایەتیی خۆشناوی ناوچەی شاروێران و دانیشووی ئاوایی قەرەخان، دوای ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەل نەخۆشیی شێرپەنجە کۆچی دوایی کرد.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان،ڕۆژی ٢٧ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی،کاک برایم هەمزەیی ناسراو بە برایم قەسیم، کەسایەتیی خۆشناوی ناوچەی شاروێران و دانیشووی ئاوایی قەرەخان، دوای ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەل نەخۆشیی شێرپەنجە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
کاک برایم هەمزەیی جیا لەوەی خۆی هەموو کات دڵسۆزی حیزبەکەمان بوو،بنەماڵەیەکی شۆڕشگیڕ و حیزبی بوون و برایەکی بە ناوی هەمزە هەمزەیی ناسراو بە هەمزە قەسیم لە سەرەتای شۆرشی گەلانی ئێراندا بۆ ماوەیەک لە ڕیزەکانی حیزبدا تێکۆشاوە و خوالێخۆشبوو سەعید هەمزەیی بابی ئیدریس هەمزەیی تا دوا هەناسەی لەگەل ئەندامانی ناوخۆی حیزب لە پێوەندی دا بوو و و ئێستاش ئیدریس هەمزەیی برازای ناوبراو ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانە.
ئاواتی گەورەی کاک برایم قەسیم رزگاری کوردستان بوو هەموو کات باسی لەوە دەکرد ئەگەر رزگاری کوردستانیش نەبینی تا لە ژیاندا ماوە یەکگرتنەوەی دوو لایەنی دێموکرات بە چاوەکانی خۆی ببینێ .
لە دوای سەرکەوتنی شۆرشی گەڵانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ دا و شەری داسەپاوی هێزەکانی خۆمەینی بۆ سەر خاکی کوردستان، مالی برایم قەسیم هەموو کات شوێنی حەسانەوەی پێشمەرگەکان بوو و تا ئەو کاتەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ناوچە ئازاد کراوەکاندا بەرگرییان دەکرد کاک برایم هاوکاری هێزەکانی پێشمەرگە بووە.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک برایم قەسیم سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری و خەلکی ئاوایی قەرەخان و ناوچەی شاروێران دەکەین و بەشداری خەمیانین.