لە شاری فیردەوس لە پارێزگای خوراسانی باشوور مامۆستایەکی قوتابخانە دەستدرێژیی کردووەتە سەر ١٨ کچی تەمەن هەشت بۆ یازدە ساڵ.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، ئەو مامۆستایەی قوتابخانە کە تەمەنی ٥٥ ساڵە وێڕای پێکهێنانی کلاسی تایبەت لە پارکینگی ماڵەکەی بۆ قوتابییانی کچ، دەستدرێژیی کردووەتە سەر ئەو کچە مێرمنداڵانە و ئەو ڕووداوە ناڕەزایەتیی بنەماڵەی ئەو قوتابییانەی لێکەوتووەتەوە و ئەو قوتابییانە لە باری دەروونییەوە تێکچوون و پێویستیان بە چارەسەر هەیە.
بنەماڵەی یەکێک لەو قوتابییانە وتوویەتی کە ئەو مامۆستایە پێشتریش پێشینەی ئەو شێوە کارانەی هەبووە و ئیدارەی ئەماکن و ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لەوە ئاگادار بوون، بەڵام هیچ کردەوەیەکیان نەبووە.
بەرپرسی ئەو قوتابخانەیە دوای ئاگاداربوون لە ڕاستیی ڕووداوەکە لەگەڵ بەرپرسی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری “فیردەوس” باسی کردووە و بەرپرسی پەروەردە و بارهێنانی شاری فیردەوس هەڕەشەی کردووە کە بە هیچ شێوەیەک نابێ ڕاستیی ڕووداوەکە و زانیارییەکان لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بکرێتەوە.
دوای سکاڵای بنەماڵەی ئەو قوتابییانە، ئەو مامۆستایە دەسبەسەر کراوە، بەڵام دوای حەوتوویەک بە بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کراوە.
ئازادکردنی ئەو کەسە ناڕەزایەتیی خەڵک و بنەماڵەی ئەو قوتابییانەی لێکەوتووەتەوە و لەژێر ناڕەزایەتیی خەڵک لایەنی پەیوەندیداریان ناچار کردووە ئەو مامۆستایە دەسبەسەر بکەنەوە.