پارلمانی بلژیک بڕیارنامەی ئاڵۆگۆڕی بەندکراونی لەگەڵ ئێران، بە ٧٨ دەنگی ئەرێنی و ٤١ دەنگی نەرێنی پەسند کرد.
دوای دوو ڕۆژ کۆبوونەوە لە پارلمانی بلژیک بۆ وەرگرتنی دەنگی ئەندامانی پارلمان بۆ پەسندکردنی بڕیارنامەی ئاڵۆگۆڕی بەندکراونی ئەو وڵاتە لەگەڵ ڕیژیمی ئیران، ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، بە ٧٨ دەنگی ئەرێنی و ٤١ دەنگی نەرێنی لەلایەن نوێنەرانی پارلمانی بلژیکەوە پەسەند کرا و بەندکراونی هەر دوو وڵات دەتوانن لە وڵاتی خۆیان، ماوەی حوکمەکەیان تێپەڕێنن.
بەپێی پەسندکردنی ئەو گەڵاڵەیە ڕێگا بۆ گەڕاندنەوەی “ئەسەدوڵا ئەسەدی” دیپلۆمات تێرۆریستیی ئێرانی کە دەیهەویست کۆبوونەوەی “ساڵانەی ڕێکخراوی موجاهدینی خەڵق” بتەقێنێتەوە کرایەوە کە بگەڕێتەوە ئێران.
ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی پێشتر بەدەرکردنی بەیاننامەیەک داوای لە پەرلمانی بلژیک کردبوو کە ڕێخۆشکەر نەبێ بۆ دروستکردنی ڕەوتی یاسایی بۆ ڕادەستکردنەوەی ئەو کەسانەی مافی مرۆڤ پێشێل دەکەن.
“ئەسەدوڵا ئەسەدی” دیپلۆمات تێرۆریستیی ئێرانی، لە ئورووپا بە تاوانی نانەوەی بۆمب لە کۆبوونەوەی ساڵانەی ڕێکخراوی موجاهدینی خەڵق حوکمی ٢٠ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە.
هەر لەو پێوەندییەدا ١١ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانی لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا داوایان لە پارلمانی بلژیک کرد کە ڕێککەوتنی ڕادەستکردنەوەی بەندکراوان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران پەسند نەکا.