هاوکات لەگەڵ ٣٣مین ساڵڕۆژی تیرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، هەیئەتێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی ئۆسترالیا لە گەڵ خاتوو لاریسا واترز سناتۆر لە حیزبی سەوزەکانی ئوسترالیا و خاتوو کەتینکا بەرپرسی دەفتەری سناتۆر واترز کۆبوونەوە کە لە سوشیال میدیای ئەو وڵاتەدا دەنگدانەوەی باشی هەبووە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات، ڕۆژی چۆارشەممە ١٣/٧/٢٠٢٢ ھاوکات لە گەڵ سی و سێھەمین ساڵۆگەڕی تیرۆری ڕێبەری ناوداری کورد، دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێیانی ھەیئەتێکی کومیتەی ئوسترالیای حیزبی دێموکراتی کوردستان پێکهاتوو لە ھاوڕێیان سەلاح پورئەسەد و کامران سوھرابی لە شاری بریزبن لەگەڵ خاتوو لاریسا واترز سناتۆر لە حیزبی سەوزەکانی ئوسترالیا و خاتوو کەتینکا بەرپرسی دەفتەری سناتۆر واترز کۆبوونەوە.
لەو کۆبوونەوەکەدا هەیئەتی حیزب باسی ئەوەیان کرد کە ٣٣ ساڵ پێش ئێستا لە ١٣ی جولای دوکتور قاسملوو بە دەستی ڕێژیمی ئێران تێرور کرا لە حالێکدا دەیویست ڕێگایەکی ئاشتیانە بۆ دۆزی کورد ببینێتەوە. لەو کاتەوە تا ئێستاش بکوژەکان بە ئازادی دەسوڕێنەوە، بۆیە داویان لە سناتۆر واترز کرد کە بەپێی تۆانا ھەوڵ بۆ وەگەڕخستنەوە کەیسی تیرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی بدات.
سناتۆر لاریسا واترز لەگەڵ بەداخبوون بۆ ڕووداوی شەھید کرانی د. قاسملوو، بەڵینیدا کە لە ڕێگای دۆستەکانی و پارێزەرەکانیەوە لەو بارەیەوە بەدواداچوون بکات و لە گەڵ وەزیری دەرەوەش ڕاوێژ بکات. ناوبراو هەروەها بەڵێنییدا کە داوا لە حکومەتی ئوسترالیا دەکات ھاوکار بێ بۆ ئەوەی هەوڵ بدرێ لە دادگایەکی نێودەوڵەتییدا بکوژان و بڕیاردەرانی تیرۆری دوکتۆر قاسملوو و هاوڕێیانی دادگایی بکرێن.
پێویستە بوترێ کە چەندین بەڵگە و دیکۆمێنت لەسەر سیاسەتی سەرکوت، ئەشکەنجە، لەسێدارەدان و بە تایبەت کارنامەی جنایەتەکانی ڕێژیم لە نێوان ساڵەکانی٢٠١٦ تا ٢٠٢١ پێشکەش بە سناتۆر لاریسا واترز کرد.
هەر لەسەر ئەو بابەتە سناتۆر لاریسا واترز لە لاپەرەکانی سوسیال میدیای خۆی دا لە سەر چاو پێکەوتنەکەی هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە لە بریزبن لە گەڵی ئەنجام دابوون و بە سەدان کەسی ئوسترالیایی خوێندویەتەوە و بە دەیان کەسیش دابەشیان کردۆە نووسیویە:
سەرەتایی ئەو حەوتوویە چاوم کەوت بە سەلاح و کامران لە کۆمەڵگای کوردەکانی کوئینزلەند کە ھاوکات بوو لە گەڵ سی و سێھەمین ساڵڕۆژی تێرۆری دوکتور عەبدولڕەحمانی قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزبی دێمۆکرات، ھەر لەو کاتەوە بە شێوەیەکی بەربڵاو تێکھەڵچوون لەو ناوچەیە دا لە ئارا دایە و پێشێلی مافەکانی مرۆڤی کورد لە ئێرانیشی بە شێوەی جیاواز لێکەوتۆتەوە.
خەڵکی ئاسایی، مامۆستایانی قوتابخانە، کرێکاران و دایکی تێکۆشەرانی سیاسی و تەنانەت ناودارانی بواری وەرزشیش بوونەتە ئامانجی ڕێژیمی ئێران بە ھۆی ئەوە دژی حکومەت قسە دەکەن، ئەوان تووشی ئیعدام و بەندکردنی درێژ ماوە دەبن، بێ ئەوەی لە دادگایەکی عادڵانە دا محاکەمە بکرێن، تێکرای ئەو کردەوانەش دژ بە یاساکانی نێونەتەوەییە.
سەوزەکان پشتێوانییان لێدەکەن و پێویستە حکومەتی ئوسترالیاش پشتیوانییان بێت.
ئێمە ڕاوەستاوین بۆ پشتیوانی لە ھاوڕێیانی کوردمان و ھەموو ئەو کوردانەی لە تارواگە دا دەژین و زۆر نیگرانن لەو ڕووداوانەی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دا دەگوزەرێت.
ئێمە داوا لە دەوڵەتی ئوسترالیا دەکەین کە داخۆازیەکانیان(کوردەکان) بە شێوەیەکی عادلانە جێبەجێ بکات و دەرفەتی مانەوە و ھاوڵاتی بوونیش بۆ ئەو کەسانە دابیین بکا کە ماوەیەکە لەو وڵاتە دا دەژین.