ئەنجومەنی فەرهەنگی-ئەدەبیی مەریوان لە ڕۆژانی داهاتوودا کۆڕەشێعرێک بۆ شاعێرانی کورد لە هۆڵی مامۆستا قانع بەڕێوە دەبات و هاوکات لە ساڵڕۆژی کۆچی دواییی شێخ حەمە مارف کۆڕی، پەردەلادان لەسەر پەیکەری ئەو کەڵەنووسەرە بەڕیوە دەبات.
کۆمیتەی شێعری ئەنجومەنی فەرهەنگی – ئەدەبیی مەریوان، ڕۆژی پێنجشەممە ۳۰ی پووشپەڕی ٢٧٢٢ی کوردی، کۆڕەشێعرێک لەژێر ناوی “تا زرێبار و دێڕێک” بۆ شاعێرانی کورد لە هۆڵی مامۆستا قانع بەڕێوە دەبات.
لیژنەی ڕاگەیاندنی کۆڕەشێعری “تا زرێبار و دێڕێک” لەم بارەیەوە ڕایگەیاندووە؛ ئەم کۆڕەشێعرە کە یەکەمین کۆڕەشێعریی ساڵانەی ئەنجومەنی فەرهەنگی ــ ئەدەبیی شاری مەریوانە و لەژێر ناوی “تا زرێبار و دێڕێک” بەڕێوە دەچێت و سەرجەم شێوەزارەکانی زمانی کوردی لەخۆ دەگرێت.
لە کۆی ۳٨ شار و شارۆچکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کوردی دانیشتووی ناوچەکانی تری وڵاتی ئێران کە بەرهەمیان ناردووە، شاری مەریوان بە بەشداریکردنی ٤۹ کەس، زۆرترین ڕێژەی بەشداربووانی هەیە و شارەکانی تری وەک سنە ۱٨ و بۆکان ۱۳ کەس، لە پلەکانی دواییدا دێن کە بەپێی بڕیاری لیژنەی هەڵسەنگاندنی ئەو کۆڕە، ٤۱ شاعیر بەرهەمەکانیان بۆ پێشکەشکردن لەو کۆڕەدا هەڵبژێردراوە.
هاوکات ئەو ئەنجومەنە بە هاوکاریی شۆرای شاری بەردەڕەشە، بەبۆنەی پەردەلادان لەسەر پەیکەری “شێخ حەمە مارفـ”ـەوە کۆڕێک لە بەردەڕەشەی شاری مەریوان بەڕێوە دەبەن کە لەو کۆڕە و لە چەند وتاری کورتدا، ئاوڕێکی خێرا لە بەرهەم و ڕوانینی شێخ حەمە مارف ئەدرێتەوە و فیلمێکی دایکیۆمنتارییش کە جەلال سەعیدزادە ئامادەی کردووە سەبارەت بە شێخ حەمەمارف لە کۆڕەکەدا پێشکەش دەکرێت.
جێی ئاماژەیە کە “سەلاح حەسەنی”، نیگارکێش و پەیکەرتاشی مەریوانی، پەیکەری شێخ حەمەمارفی ئامادە کردووە و لە ڕۆژی بەڕێوەچوونی کۆڕەکەدا، واتە لە ١ی ٥ی ١٤٠١ی هەتاویدا پەردە لەسەر پەیکەرەکە لا ئەدرێت.
ئەنجومەنی فەرهەنگی-ئەدەبیی مەریوان ماوەی ۳۱ ساڵە لە بواری کولتووری و ئەدەبیدا کار دەکات و پێشتر چەندین کۆڕ و کۆبوونەوەی لەو شارەدا بەڕێوە بردووە و بڕیارە کۆڕەشێعری “تا زرێبار و دێڕێک”، بە شێوەی ساڵانە بەڕێوە بچێت و ئەمساڵ یەکەمین کۆڕ لە ڕۆژی پێنجشەممە، ۳۰ پووشپەڕ بەڕێوە دەچێت.