دوو کادری هەنگی سنووریی ڕێژیم، لە پێکدادانێکی چەکداریدا لە سنووری بانە کوژران.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی هەنگاو،کاتژمێر سێ و٣٠ خولەکی سەر لە بەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی پێکدادانێکی چەکداری لە سنووری بڕوێشکانی شاری بانە لە نێوان هێزەکانی سەر سنوور و یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکومەتی ئێران ڕوویداوە کە بووەتە هۆی کوژرانی دوو کەس لە کادرەکانی هەنگی سنووری و برینداربوونی سەربازێک.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، لەم پێکدادانەدا لانیکەم دوو کادری هێزەکانی هەنگی سنووری ئێران بە ناوەکانی عەلی فازڵی شاد و مەهدی محەممەدی نەسەب کوژراون و سەربازێک بریندار بووە.
هەروەها ئۆتۆمبێلی جۆری هایلۆکسی هێزەکانی سەر سنووریش تێک شکێنراوە و ئاگر دراوە.
تا ئێستا هیچ زانیارییەک لە سەر زیانە گیانییەکانی لایەنی بەرامبەری شەڕەکە لە بەر دەستدا نییە.
تا کاتی نووسینەوەی ئەم هەواڵە هیچ کام لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکومەتی ئێران بەرپرسیارەتی ئەم تێکهەڵچوونەیان وەئەستۆ نەگرتووە و میدیاکانی حکومەتی ئێرانیش هیچ هەواڵێکیان لەمبارەوە ڕانەگەیاندووە.