هۆشداریی دووبارەی ناوەندی فەرماندەیی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بە ڕێژیمی تورکیا لە هەمبەر هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان.
ناوەندیی فەرماندەیی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە سەر هێرشە نیزامییەکەی ڕێژیمی تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان هوشداری تووندی دایە ئەم وڵاتە لە ئەگەری هێرشکردنە سەر هێزە کوردیەکانی هاوپیمانیان و ڕایگەیاند کە ئەم هێرشە بەرکەوتەی خراپی دەبێ و دەبێتە هۆی هەڵاتنی هەزاران بەندکراوی داعش و ئەم ڕێکخراوە تێرۆریستیە دەتوانێ کەڵکاژۆ لەم هێرشە وەربگرێ.
دانا ئیسترۆڵ جێگری وەزیری بەرگریی ئەمریکا لەم بارەوە ڕایگەیاند کە ئێمە بە ڕوونیی بە تورکیەمان ڕاگەیاندووە کە نابێ بە هیچ شێوەیەک ئەم هێرشە بکات و نیگەرانیی خۆمان لە هەمبەر ئەم هێرشە بێ پاساوە گەیاندووەتە بەرپرسانی ئەم وڵاتە.
دانا ئیسترۆڵ لە بەشێکی دیکە لە قسەکانی دا لە “دامەزراوەی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست لە واشینگتۆن” ڕایگەیاند کە ئێستا زیاتر لە ١٠ هەزار بەندکراوی داعش لە بەندیخانەکانی هێزەکانی سوریەی دێموکراتدا هەن کە لە ئەگەری ئەم هێرشەدا رێکخراوی تێرۆریستی داعش دەتوانێ کەڵکاژۆ لەم دەرفەتە وەربگرێ و خۆی پوشتە بکاتەوە، هەر بۆیە بە توندترین شێوە ناڕەزایەتی خۆمان گەیاندووەتە وڵاتی تورکیە کە بە هیچ شێوەیەک نابێ ئەم هێرشە نیزامیە دەست پێبکات و ئەم ناکۆکییە دەبێ لە ڕێگای وتووێژەوە چارەسەر بکرێت.