بەندکراوێک لە شاری پاوە لە کاتی هەڵاتن لە دەست هێزەکانی ڕێژیم درایە بەر فیشەک و بریندار بوو.
ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، لە شاری پاوە سەر بە پارێزگای کرماشان بەندکراوێک کە هێشتا ناسنامەکەی ڕوون و ئاشکرا نەبووە، لە کاتێکدا ویستوویەتی هەڵبێت لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە درایە بەر دەسڕێژ و بریندار کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی “هەنگاو”، ئەو بەندکراوە لە کاتی گواستنەوەی لە شەقامی ”ڕەسالەت”ی پاوە هەوڵی هەڵاتنی داوە و دوای ئەوەی هەڵاتووە ئەو هێزانەی ڕێژیم کە لەگەڵی بوون بە دەمانچە تەقەیان لێکردووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو بەندکراوە سێ گوللـەی بەر کەوتووە.
ئەو سەرچاوەیە وتیشی کە فریاکەوتنی خێرا دوای نیو کاتژمێر گەیشتووەتە شوێنی تەقە کردنەکە و هەر بۆیەش گواستنەوەی ئەو بەندکراوە بریندارە بۆ نەخۆشخانە درەنگ ئەنجام دراوە.