دیوید لیپتۆن، بەرپرسی دووهەمی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو، كە لە ڕۆژی یەكشەممەوە بۆ ماوەی 2 ڕۆژ سەردانی ئێرانی كردبوو، گوتی مەبەست لە سەفەرەكەم بۆ ئێران گەشە پێدان بە ئابووریی ئێرانە.
ئەو گوتی لە چاوپێكەوتنەکانی لەگەڵ کاربەدەستانی ئێراندا د بارودۆخی ئابووریی ئێرانو هەروەها ڕێوشوێنەكانی ئەم وڵاتە لە مەیدانی سیاسەتە ئابوورییەكانی پاش هەڵوەشانەوەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەكان تاوتوێ کراون.
لە حاڵی حازردا سندووقی نێودەوڵەتیی دراو جگە لە پێشكەشكردنی هێندێك هاوكاریی ئاماریو فەننی، هیچ پرۆژەیەكی ئابووری لە ئێراندا نییە. ئەم سندووقە كە توێژینەوەكانی خۆی لە بارەی ئێران بەپێی ئامارە ڕەسمییەكانی ئەم وڵاتە دەکا، گەشەی ئابووریی ئەم وڵاتەی لە ساڵەكانی ٢٠١٥ تا ٢٠١٦ تا ئاستی كەمتر لە نیو لە سەد پێشبینی كردوە.
بەهۆی دابەزینی لەڕادەبەدەری نرخی نەوتو شكستی درێژخایەنی ئابووری، دەوڵەتی حەسەن ڕووحانی هەوڵ دەدا بۆ گەشەپێدانی ئابووریی ئەم وڵاتە سەرمایەی دەرەكی بۆ نێوخۆ ڕابكێشێ. بە قسەی سەرۆكی ژووری بازرگانیی تاران، گەندەڵی بە تایبەت گەندەڵیی دەوڵەتی لە گرینگترین لەمپەرەكانی بەردەم ڕاكێشانەی سەرمایە بیانییەكان بۆ ئەم وڵاتەیە.
هەروەها گەمارۆ یەكلایەنەكانی ئامریكاش بە كۆسپە هەرە گرینگەكانی ڕژانی سەرمایە بیانییەكان بۆ نێوخۆی ئێران دادەنرێن.