تەشەنە سەندنی گرژی و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە و هەڕەشەی تاران بە دروستکردنی چەکی ناوکیی و ئامادەیی ئیسرائیل بۆ هێرشی سەربازیی بەدژی ڕێژیمی ئێران ڕۆژبەڕۆژ ئەگەری دروستبوونی شەریکی گەورە زیاتر دەبێ.
ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، محەممەدجەواد لاریجانی، بەرپرسی پێشووی ناوەندی مافی مرۆڤی ڕێژیمی ئێران، لە وتووێژێکی تەلەڤیزیۆنیدا وتی: ئەگەر کۆماری ئیسلامیی ئێران بیهەوێ چەکی ناوکیی دروست بکا هیچ هێزێک ناتوانێ پێشی پێبگرێ.
هەروەها دوابەدوای سەفەری “جەو بایدن” بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست و لێداوانی “یائیر لاپید” سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لەسەر ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ دەست پێڕاگەیشتنی بە چەکی ناوکیی وتی: دوو بەرپرسی پلە بەرزی ڕێژم جەختیان لەسەر توانایی دروستکردنی چەکی ناوکیی کردووە و ئەوەش بۆ ئیسرائیل جێی نیگەرانییە و بەهیچ شێوەیەک ڕێگە نادەین تاران دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا.
لاپید، بە ئاماژە بە سەفەرە مێژووییەکەی بایدن بۆ ئیسرائیل، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە، وڵاتی ئیسرائیل چالاکیی بەدژی بەرنامەکانی ناوکیی ڕێژیمی ئێران درێژە پێدەدا و لە هەموو ئامرازێک کەڵک وەر دەگرێ بۆ ئەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستی بە چەکی ناوکیی ڕانەگا و دەست پێڕاگەیشتنی تاران بە چەکی ناوکیی مانای وایە کە کۆمەڵگەی جیهانی دەکەویتە مەترسییەوە، بۆیە پێویستە هەموو وڵاتان لەسەر ئەوە کۆک بن کە نابی بەهیچ شێویەک ئێرانێکی ناوکیی لە ناوچەکەدا بوونی هەبێ.