شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ڕێوڕەسمی ناشتنی تەرمی عەلی قازی ، کوڕی پێشەوا قازی محەممەد لە شاری کەلار بەشداریی کرد.
دوانیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، پاش گەڕاندنەوەی تەرمی ڕەوانشاد کاک عەلی قازی، کوڕی پێشەوا قازی محەممەد بۆ کوردستان و ناشتنی لە گۆڕستانی شاری کەلار، شاندێکی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری سلێمانی، بە سەرپەرستیی بەڕێز کوورش نوسرەتی، بەرپرسی بەشی پێوەندییەکانی حیزب لە شاری سلێمانی، لە ڕێوڕەسمی بە خاک سپاردنی تەرمی کاک عەلی قازی بەشدارییان کرد.
شاندی پێوەندییەکانی سلێمانیی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەیان بۆ کۆچی دوایی نەمر عەلی قازی، سەرەخۆشیان لە خزم و کەسوکاری ناوبراو کرد و دواتر دەستەگوڵی ڕێز و وەفا، لە لایەن بەڕێز “نوسرەتی”یەوە، لەسەر گۆڕی کاک عەلی قازی دانرا.
شایانی باسە کە ڕێوڕەسمی بەخاک سپاردنی عەلی قازی، جیا لە پێشوازییەکی گەورە و بەربڵاو لە لایەن حیزب و کەسایەتییە ڕۆژهەڵاتی و باشوورییەکان و بە تایبەت سەرۆکی حوکمەتی هەرێمی کوردستان، بە بەشداریی دەیان کەسایەتیی سیاسی و حیزب و لایەنی دیکە و بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری کەلاری باشووری کوردستان و لە نێو ئاپۆڕای خەڵکدا بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا.