سەرۆککۆماری ڕووسیە لە شاری تارانی پێتەختی ئێران لەگەڵ عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی چاوپێکەوتنی کرد و لە هەمانکاتیشدا ئەمریکا لەو چاوپێکەوتنە نیگەرانە.
ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، ولادێمیر پوتین، سەرۆککۆماری ڕووسیە بە مەبەستی چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و تورکیە، بۆ تاران سەفەری کرد و بۆ چەندەمین جاریش لەگەڵ عەلی خامنەیی دیداری کرد و هاوکاتیش وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەو کۆبوونەوانە نیگەرانە و وتی: بابەتی سەرەکی ئەو کۆبوونەوانە بە ئەگەری زۆرەوە ناردنی پەهپادەکانی ئێرانی بۆ ڕووسیە تاوتوێ دەکەن و کۆماری ئیسلامی لە شەڕ و ناسەقامگیری لە ناوچەکە بە گشتیی و بە تایبەتی لە شەڕی ئۆکراین و ڕووسیەدا ڕۆڵی بەرچاو لە ناسەقامگیریی دەگێڕێ.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆبوونەوەکانی سێ لایەنی ڕێژیمی ئێران، تورکیە و ڕووسیە کە بڕیارە ئەوڕۆ سێشەممە ٢٨ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، لە شاری تاران بەڕێوە بچێ، نیگەرانیی خۆی دەربڕی و ڕێژیمی ئێران بە ناسەقامگیری و کردەوەی تێکدەرانە و تێرۆریستیی لە ناوچەکە و هەموو جیهان ناو برد و باسی لەوەش کرد کە، پوتین لە ماوەی پێنج مانگدا کە هێرشی کردووەتە سەر ئۆکراین تەنیا بۆ تاجیکستان و تورکەمەنستان سەفەری کردووە، سەفەری ناوبراو بۆ تاران یەکەمین سەفەرییەتی بۆ دەرەوەی ڕووسیە.