بەبۆنەی ٣٣یەمین ساڵیادی تێرۆرکردنی ڕێبەری شەهید د.قاسملوو و هاوڕێیانی سیمینارێک لە وڵاتی دانمارک بۆ بەڕێز مستەفا شەڵماشی، کەسایەتیی بەرچاوی کورد پێکهێنرا.
ڕۆژی شەممە ٢٥ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی،بە بۆنەی ٣٣یەمین ساڵیادی تێرۆرکردنی ڕێبەری شەهید دوکتور قاسملوو وهاوڕێیانی بە دەستی تێرۆریستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڤییەنی پێتەختی وڵاتی ئوتریش لە لایەن کۆمیتەی دانمارکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری “کۆپێنھاگ” سیمینارێک بۆ بەڕێز کاک مستەفا شەڵماشی کەسایەتی خۆشناوی گەلی کورد و سیمای دیاری نێو بزاڤی ڕزگاریخوازی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ژێر ناونیشانی “پێناسەکردنی ھزری دکتۆر قاسملوو” پێکھات.
سەرەتای سیمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد، پاشان لە لایەن بەڕێوەبەری ئەم سیمینارە “ئەحمەد ڕەحمانی” بە نوێنەرایەتی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی دانمارک بەخێر ھاتنی بەشداربوان و بەڕێز کاک مستەفا شەڵماشی کرا.
بڕگەی یەکەمی سیمینارەکە تایبەت بوو بە پەیامی کۆمیتەی دانمارکی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە لە لایەن بەڕێز “حوسێن مەحموودی”، بەرپرسی کۆمیتە پێشکەش کرا،بەڕێزیان لە پەیامەکەدا ئاماژەی بەوە دا ئەزموونی ژیان و کارکردن لە سیستەمی سوسیالیستی و لیبراڵی و ئاشنایی بە هەموو چەمک و دیاردە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی بوو بە هۆی ئەوەی د. قاسملوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەی خەڵکی کورد بچێتەسەر مێزی دانوستان لەگەڵ کاربەدەستانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
د. قاسملوو بڕوامەند بە چارەسەری سیاسی و ئاشتییانەی کێشەکان بوو، بەڵام ڕێژیمی تاران بڕوامەند بە سڕینەوەی فیزیکی دەنگە جیاوازەکان بوو، بۆیە پێیان وابوو بە سڕینەوەی فیزیکیی دژبەرێک، بزاڤی ئەکتیڤی کورد لە خەبات دەوەستێ، بەڵام لە ژێر سایەی ئەو نۆرم و بایەخانەی د. قاسملوو کردنی بە هێڵی سیاسیی دێموکرات و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد لە ڕۆژهەڵات، هەنووکە کیژ و کوڕانی ڕۆژهەڵات دژ بە کۆنەپەرستی و پاشڤەڕۆیی خەبات دەکەن.
لە بەشێکی دیکەی پەیامی کۆمیتەدا وێڕای دەربڕینی دڵخۆشی بە بۆنەی نزیک بوون لە یەکگرتنەوە بنەماڵەی گەورەی دێموکرات و یەکبوونی حیزبەکەی د. قاسملوو، لە یادی ۳۳ ساڵەی شەهیدبوونی ڕێبەری مەزنمان پەیمان لەگەڵ ڕێبەری شەهیدمان و هەموو شەهیدانی حیزب و گەڵ نوێ کرایەوە کە تا گەیشتن بە ئامانجاکانیان، واتە سەربەستی، ئازادی و بەختیاریی گەلەکەمان لە ڕێبازی پڕ سەروەری شەهیدانمان بەردەوام بین و لە خەبات ڕانەوەستین.
ئەمجار بڕگەی دووھەمی سیمینارەکە لە لایەن بەڕێز کاک مستەفا شەڵماشی” پێناسەکردنی ھزری دکتۆر قاسملوو” دەستیپێکرد، بەڕێز شەڵماشی لە باسە پڕ نێوەرۆکەکەی دا ئاماژەیەکی گشتگیری بە ژیان و کەسایەتی دکتۆر قاسملووی ڕێبەر کرد و ڕۆڵی ئەوانی لە نێو بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کورددا بەرز نرخاند و پاشان لە دەرگای پێناسەکردنی ھزری دکتۆر قاسملوو بە لێکدانەوەیەکی زانستی و بە ئاماژە بە گەلێک فاکتەر شەن و کەوی گەلێک ڕەھەندی لە بیروھزری دکتۆر قاسملووی شەھید کرد:
گەشەی ھزریی دکتۆر قاسملوو لە کۆنفرانسی ٣ وە تاکو کاتی شەھید بوونی و ھۆکارەکانی، قاسملوو چۆن و لە کەیەوە بوو بە ھزر بە ئاماژە بە لەدایکبوونی د. قاسملوو لە (شەوی یەڵدای) ساڵی ١٣٠٩ ھەتاوی و دەڤەری لە دایکبوونی، ھەڕەتی لاویەتی و قۆناغەکانی خوێندن و چوون بۆ وڵاتی فەرانسە، پاشان قۆناغەکانی تری خوێندنی چالاکیەکانی لە یەکیەتی خوێندکاران، چوونی بۆ پراگ و وەرگرتنی لیسانس، قۆناغی دەستپێکردنی کاری سیاسی و گەڕانەوەی بۆ تاران لە سەردەمی دکتۆر موسەدیق و کار کردنی لە نێو تەشکیلاتی حیزبی توودە، دیارە لەو کاتدا حیزبی توودە گەورەترین حیزبی گۆڕەپانی سیاسی لە ئێران دا بوو، قۆناغێکی تری ژیانی سیاسی دکتۆر قاسملوو خۆ دیتنەوە بوو لە نێو حیزبی دێموکراتی کوردستان و بوونی بە یەکێک لە ڕێبەرانی حیزبی دێموکرات.
جارێکی تر پاش چەند ساڵ تێکۆشان دکتۆر قاسملوو گەڕایەوە چێک و سڵۆواکی و دڕێژی بە خوێندن دا، وەرگرتنی دکتۆڕای زانستیی ئابووری و تێزی دکتۆڕاکەی بە ناوی “کوردستان و کورد” بوو.
کوردستان و نەتەوەی کورد، دابەشکردنی کوردستان، ئاوڕێکی گشتی بۆ سەر ئابووری کوردستان، ئاوڕێکی گشتی بۆ سەر مێژووی کۆمەڵی کوردەواری. مەسەلەی کورد لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا، مافی دیاری کردنی چارەنووسی نەتەوەکان و مەسەلەی کورد.
دەرکەوتن و گەشەی ھزری قاسملوو، بە گەڕانەوە بۆ قۆناغێکی تری مێژوویی و بەیانییەی ١١ی مارسی ١٩٧٠ زایینی و ساڵانی ٤٦، ٤٧ ئاوردانەوەیەک لە سەردەمی ئەو کاتی خەبات و پەڕیوبوونی ڕێبەرایەتی حیزب بۆ دیوی کوردستانی گەرمێن.
لە گرینگترین پڕێنسیپەکانی ھزری دکتۆر قاسملوو:
ئەولەویەتدان بە پرسی نەتەوەیی، سەربەخۆیی سیاسی، گرینگی دان بە دێموکڕاسی، وەک میکانیزمێک بۆ پاراستنی مافەکانی تاک و کۆمەڵ، ئاوەڕدانەوە لە مەسەلە کۆمەڵایەتیەکان لە چوار چێوەی سوسیالیزمی دێموکڕاتیک دا. گرینگی دان بە شەففافییەت لە سیاسەتدا، پاراستنی دیسیپلینی حیزبی لە کاتێک دا کە دێموکڕاسی تەشکیلاتی ھەبێ.
بەشێکی تری باسەکەیان تایبەت بوو بە لەبەرچاوگرتنی پرێنسیپەکانی مافی مرۆڤ لە کاری حیزبی دا، گرینگی دا بە ناساندنی مەسەلەی کورد لە بواری نێونەتەوەییدا، چۆنیەتی گرینگی دان بە ھزری دکتۆر قاسملوو.
بەڕێزیان ئیشاڕەی بەوە کرد کە درێژەدانی ڕێبازی دکتۆر قاسملوو گرینگی دان بە بەکارھێنانی ھزری دکتۆر قاسملوو، بەوە نابێ کە دایم بکڕوزێینەوە و بناڵێنین کە تازە جارێکی تر ڕێبەری وامان نابێتەوەو بێکەس بووین و ھیچمان بۆ ناکرێ، ڕوحی ڕێبەری شەھید بەوە شاد دەبێ کە دەیان کەسی لێوەشاوەی وەک ئەو کاری گەورەتریش لەوی بەرھەم بێنن، کە ھزرەکەی و ڕێبازەکەی پڕ بێ لە قاسملووی لاوی تازە پێگەیشتوو چالاک، بوونی سەدان لاوی خوێندەوار لە پلەی ھەرە باڵادا، ھەزاران ڕێبواری بەوەفای قاسملوو لە نێو خۆی ڕۆژھەڵاتی کوردستاندا، لە باشووری کوردستاندا و لە دەرەوەی وڵات کە دەرسی خەبات لە ڕێبەری شەھید و مەزنمان فێربوون.
لە دوا بڕگەکانی سیمینارەکەدا بەڕێز کاک مستەفا شەڵماشی باوەڕی وابوو کە ھیچ ڕێبەرێک و ھیچ کەسێک تاسەر نامێنێ، ڕەنگە ئەو کات دکتۆر قاسملوو شەھیدیش نەکرابایە، ئێستا لە ناوماندا نەبوایە، بەڕێز شەڵماشی باوەڕمەند بوو بەوەی کە پێویستە وەک سەردەمی دکتۆر قاسملوو داھێنان و بەرھەمھێنانی فکریمان ھەبێ، ھەر سەردەمە سیاسەت و میکانیزمی تایبەت بەخۆی ھەیە و پێویستە بۆ ھەر قۆناغەی سیاسەتسازی تایبەت بەو قۆناغە بکەین.
دوای باسەکەی بەڕێز کاک مستەفا شەڵماشی ژمارەیەک لە ئامادەبووانی سیمینارەکە بە ھێنانە ئارای کۆمەڵێک پرسیار و سرنج لە ڕاستای باسەکانی بەڕێز شەڵماشی و ھەندێک مەسەلەی جیھانی و کوردستانی و مەسەلەی یەکگرتنەوەی بنەماڵەی گەورەی دێموکراتی ھێنرایە بەرباس کە لە لایەن بەڕێزیانەوە وڵامی پێویستیان درایەوە.
ئەم ھێز و لایەنانە بە بۆنەی ڕۆژی ٢٢ی پووشپەر ٣٣یەمین ساڵیادی شەھیدانی ڤییەن پەیام و بروسکەیان نارد بوو.
١- پەیامی پارتی دێموکڕاتی کوردستان لیژنەی ناوچەی دانماڕک.
٢- پەیامی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان مەکتەبی ناوەندەکانی دەرەوە، ناوەندی دانماڕک.
٣- پەیامی فیدڕاسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان لە دانماڕک.
٤- پەیامی پارتیا ماف و ئازادیا “ھەکپار “دانماڕک.
٥- پەیامی کۆمکار دانماڕک.
٦- پەیامی پارتیا سوسیالیستا کوردستان PSK دانماڕک.
٧- پەیامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران.
دوا بابەتی سیمینارەکە پێشکەش کردنی چەند پارچە
پەخشانێک بوو لە لایەن بەڕێوەبەری سیمینارەکە بە بۆنەی ٣٣یەمین ساڵەی شەھیدانی ڤییەن.
ئەوەی جێی ئاماژە پێکردنە لە کۆتایی سیمینارەکەدا بە نوێنەرایەتی کۆمیتەی حیزب لە دانمارک لە لایەن بەڕێز حوسێن مەحموودی بەرپرسی گشتی کۆمیتە پەرتووکی “دیرۆکی خۆڕاگری” کە لە بەڵگەنامەکانی ئەنجوومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستانە پێشکەش بە بەڕێز کاک مستەفا شەڵماشی کرا.