لە کاتێکدا ڕەئیسی بەڵێنیی هەرزان کردنی دەوا و دەرمانی بە خەڵکی ئێران دابوو، نرخی ئەو پێداویستییانەی خەڵک ڕۆژبەڕۆژ هەڵدەکشێ.
ڕۆژی دوو شەممە ٢٧ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، کۆمپانیاکانی دەرمانسازیی لە ئێران ڕایانگەیاند کە، لەلایەن حکوومەتەوە نرخی گرانبوونی دەرمانیان پێدراوە و بەرهەمهێنانیشیان گران بووە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە خەڵک بە نیسبەت گرانیی و نالەباری ژیان بەدژی گرانبوونی دەرمان و پێداویستییە تەندروستییەکان ناڕەزایەتییان دەربڕی و ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران بەڵێنی بە خەڵک دابوو کە لە هیچ دۆخێکدا دەرمان گران نابێ و هەرزانتریش دەبێ، زۆری نەخایاند کە درۆ و چەواشەکارییەکای ڕەئیسی دەرکەوت و دەرمان نەک هەرزان نەبووە بەڵکوو چەندین بەرابەر گرانتر بووە.
گرانبوونی دەرمان لە ئێران لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پێش بەرێوەچوونی گەڵاڵەی “دارویار” کە لەماوەی حەوتووی ڕابردوودا دەستی پێکردووە ڕایانگەیاندبوو کە، نرخی دەرمانەکانی بەهیچ شێوەیەک بۆ هاوڵاتییانی ئێران گران نابێ و گرانبوونی نرخی دەرمان و پێداویستییە تەندروستییەکان بابەتێکە لە نێوان دەوڵەت و کۆمپانیاکانی بیمەدایە و هیچ بارگرانییەک ناکەوێتە سەر هاوڵاتییان، هەر دوابەدوای بەڵێنی بەرپرسان و سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران کۆمپانیاکانی دەرمانسازی ڕایانگەیاند کە نرخی دەرمان و پێداویستییەکانی تەندروستی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بوونەتەوە.












