پاش كوژرانی لانیكەم ١٣ ئەندامی سپای پاسداران لە خان توومانی پارێزگای حەلەب لە سووریە، ناردنی هێزەكانی سپا و بەسیجی پارێزگای مازەندەران بۆ ئەم وڵاتە ڕاگیراوە.
ڕۆژی یەكشەممە ٢٦ی بانەمەڕ هەواڵدەریی بەسیبج ئەم هەواڵەی لەزمان كازمی، یەكێك لە وتاربێژانی ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشیی پاسدارەكانی شاری ساری ڕاگەیاندوە.
لەم ڕێوڕەسمەدا كازمی گوتبووی دوای كوژرانی ١٣ پاسداری مازەندەران لە سووریە، بڕیار دراوە لە حاڵی حازردا ناردنی هێز لە مازەندەرانەوە بۆ ناوچەكانی شەڕی سووریە و عێراق ڕابگرن.
هەواڵدەریی فارسیش لە ڕاپۆرتێكدا لە زمان ئەم مەلایە، باسی لە ڕاگرتنی ناردنی هێزەكانی سپاو بەسیجی پارێزگای مازەندەران بۆ سووریە و عێراق كردوە.
لە حەوتووی سێهەمی بانەمەڕدا سپای مازەندەران باسی لە كوژرانی لانیكەم ١٣ كەس لە ئەندامەكانی خۆی لە ناوچەی خان توومان سەر بە پارێزگای حەلەب كردوەو ڕایگەیاندوە ٢١ ئەندامی دیكەی سپا لە ڕەوتی ئەم شەڕەدا بریندار بوون.
بڕیاری ڕاگرتنی ناردنی هێز لە لەشكری 25ی كەربەلای پارێزگای مازەندەران لە بارودۆخێك دایە كە مورتەزا سەفاری، فەرماندەی زانكۆی ئەفسەری و تەربیەت پاسداری ئیمام حوسێن سەر بە سپا، باسی لە ناردنی ١٠٠ ڕاوێژكاری نیزامی لە زانكۆی ئەفسەریی سپا بۆ سووریە و عێراق كردووە.