سەرۆککۆماری ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە جەددە وتی: ئەمریکا ئیزن بە ڕێژیمی ئێران نادا کە ناوچەکە ناسەقامگیر بکا و ئێمە پشتیوانیی لە هاوپەیمانەکانمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەین.
جەوبایدن، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕۆژی شەممە ٢٥ی پووشپەڕ لە دووهەمین ڕۆژی سەفەرەکەیدا بۆ عەرەبستان و پاش بەشداریی لە دانیشتنی جەدە کە بەرپرسانی وڵاتانی ئەندام لە شۆرای هاوکاریی خەلیج، سەرەڕای ئاماژە بە دەستێوەردانە ناوچەییەکانی ڕێژیمی ئێران وتی: ئەمریکا ئیزن نادا کە ڕێژیمی ئێران، ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست بکا و بە هاوکاریی هاوپەیمانەکانمان بەرەنگاری ئەو ڕێژیمە دەبینەوە.
ناوبراو لەدرێژەدا وتیشی: هەوڵە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هۆکاری سەرەکیی ناسەقامگیرییە و ئێمە لێبڕاوانە ڕووبەڕووی ئەو هەوڵە تێرۆریستییانە دەبێنەوە و پشتیوانیی لە هاوپەیمانەکانمان دەکەین.
سەرۆککۆماری ئەمریکا لە کۆتایی قسەکانیدا سەرەڕای وتنی ئەوەیکە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا گرێدراوە بە سەرکەوتنی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە وتی: درێژە بە چالاکییەکانمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدەین و پەیوەندییەکی ئابووری بەهێز لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان پێک دێنین.