بەشێک لە ئەندامانی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی فەرانسە بە مەبەستی بەرزڕاگرتنی یاد و ئامانجە پیرۆزەکانی ڕێبەری مەزن دوکتور قاسملوو و هاورێی شەهیدی کاک عەبدوڵا قادری ئازەر، رۆژی شەممە رێکەوتی ١٦ ی ژووئیەی ٢٠٢٢ ی زایینی، یادێکیان لە گۆڕستانی پێرڵاشێز پێکهێنا .
هاوڕێیان لەدوای خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادی چەپکەگوڵی ڕێز و ئەمەگناسییان لەسەر مەزاری دوکتور قاسملوو و کاک عەبدوڵا قادری ئازەر دانا و پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ دوکتور قاسملوو و سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان نوێ کردەوە و بۆ جارێکیتر تێرۆری ڕێبەری نەمر دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی شەهیدی و سەرجەم جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان شەرمەزار کرد .
لە بڕگەیەکی دواتری ڕێوڕەسمەکەدا، سەردانی مەزاری شەهیدان دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی کرا و تاجەگوڵی ڕێز و ئەمەگناسی لەسەر مەزاریان داندرا .