پیشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەناوی عوسمان کەریمی” لە گوندی “دێشەمس”ـی ناوچەی شنۆ بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، کاک عوسمان کەریمی، ناسراو بە “عوسمان لێتان” پیشمەرگەی دێرین و خەباتکاری ڕۆژە سەختەکانی شۆڕشی گەلی کورد، لە گوندی “دێشەمس”ـی سەربە ناوچەی شنۆ بەهۆی نەخۆشییەوە دڵە پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت و بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە کەسوکار و ڕێبازی پیرۆزی حیزبی دێموکراتی کرد.
کاک عوسمان لێتان، بەشداری چەکدارانەی لەشۆرشی ساڵەکانی ٤٦ و٤٧ـی هەتاوی کردووە و دواتریش وەک ئەندامێکی دڵسۆزی حیزبی دێموکرات وێرای گەورە پیاوانی بنەماڵەکەی خۆی چالاکی هەبووە تا کاتی شۆرشی گەلانی ئێران لە ساڵی ٥٧ـی هەتاوی دووبارە وەک پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات پەیوەست بە ڕیزەکانی پێشمەرگە بووە و درێژەی بە خەبات بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانی نەتەوەکەی داوە، تاساڵی ١٣٦٠ بەهۆکاری کێشەی تایبەت گەڕایەوە نێو خۆی وڵات وەک کەسێکی نیشتمانپەروەری بە ئەزموون ولێهاتوو بەردوام هەوڵی بۆ ئازادی کوردستان وسەرکەوتنی حیزبی دێموکرات دەدا.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە ویرای دەربڕینی خەم و پەژارە بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک عوسمان، پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە، کەسوکار و هەموو خەڵکی ناوچەی شنۆ دەکەین و خۆمان بە هاوبەشی خەمیان دەزانین.