حیفازەتی ئیتلاعات لە دوو شاری كرماشانو ورمێ، هەڕەشەیان لە بنەماڵەی زیندانیانی سیاسیی کورد ئهفشین سۆهرابزادەو سامان نەسیم كردوە.
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بۆ جارێكی دیكە كاوە سۆهرابزادە، برای ئەفشین لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی كرماشانەوە به تەلەفوون هەڕەشەی لێ كراوە كە بێتوو پێوەندیی لەگەڵ ڕاگەیەنەكان هەبێو لهسهر بارودۆخی براكەی لە زیندانی میناب زانیارییان پێ بدا، بۆخۆشی دەخرێتە زیندانهوه.
كاوە سۆهرابزادە پێشتریش لە ڕۆژی ١٨ی بانەمەڕی ئەمساڵ لە كرماشان دەستبەسەر و پاش چەند كاتژمێر ڕاگرتنی، هەڕەشەی ئەوەیان لێ كردبوو كە بە هیچ شێوەیەك بۆی نییە پێوەندی بە ڕاگەیەنەكانو ناوەندەكانی مافەكانی مرۆڤەوە بگرێو باسی بارودۆخی تەندروستیی برا زیندانییەكەی بكا، پاشان بە مەرج ئازادیان كردبوو.
ئەفشین سۆهرابزادە، زیندانیی سیاسیی كورد كە حوكمی ٣٠ ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێندراوە، ئێستا لە زیندانی میناب ماوە سزاکهی تێپەڕ دەكاو بەهۆی بوونی غوددە لە ڕیخۆڵەیدا لە بارودۆخێكی خراپی جەستەیی دایە، بەڵام كاربەدەستان ڕێگری لە ناردنی بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان دەكەن.
لە لایەكی دیكەوە دایكو برایەكی “سامان نەسیم”یشیان ناچار به دانپێدانانی تەلەڤیزیۆنی كردوەو، لەم دانپێدانانە زۆرەملێیەدا دایكو برای سامان ڕایانگەیاندووە كە حیزبە كوردییەكان بوونەتە هۆكاری چارەڕەش بوونی كوڕەكەیان.
سامان نەسیم لە دایكبووی ساڵی ١٣٧٢ لە شاری مەریوان، لە ڕۆژی 27ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٠ لە لایەن هێزەكانی سپای پاسداران لە سنووری سەردەشت دەستبەسەر كرا. ئەو كاتێك كە تەمەنی ١٧ ساڵ بوو، بە تۆمەتی ئەندامەتی لە یەكێك لە حیزبە كوردییەكان دەستبەسەر كراو دادگای ئینقلاب بە تۆمەتی ئەندامەتی لەم حیزبە و چالاكیی چەكدارانە بە دژی سپای پاسداران، تاوانی محاربەی بەسەردا ساغ كردەوە و حوكمی ئێعدامیان بۆ بڕییەوە.