سەرەڕای ئەوەی كە زیندانیی سیاسیی كورد عەلی ئەحمەد سلێمان لە زیندانی تەورێز تووشی نەخۆشیی دیسكی كەمەر هاتووە، بەڵام كاربەدەستانی زیندان لە ناردنی ناوبراو بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان خۆ دەبوێرن.
بەپێی ڕاپۆرتی ماف نیووز، عەلی ئەحمەد سلێمان بەهۆی نەخۆشیی چاو، دیسكی كەمەرو نەخۆشیی پێستی، پێویستی بەوە هەیە كە بە پەلە بەڕێی نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان بكرێ، بەڵام بەهۆی دژایەتیی كاربەدەستانی زیندان لە مافی چارەسەری پزیشكی بێبەش كراوەو ئێستا لە بارودۆخێكی خراپی جەستەیی دایە.
ناوبراو لە كاتی گواستنەوە لە زیندانی ورمێ بۆ زیندانی تەورێز، سەرەڕای داوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، تا ئێستا لە دۆخێكی یەكجار شپرزەی تەندروستی دایەو هیچ ئاوڕێكیش لە چارەسەر و دەرمانی ئەو نەدراوەتەوە.
عەلی ئەحمەد سلێمان بەیانیی ڕۆژی سێشەممە ١٥ی ڕێبەندانی ساڵی ٩٣ پاش ٣٣ ڕۆژ مان گرتن لە خواردنی زیندانیانی سیاسی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاپێچی زیندانی ناوەندیی تەورێز كرا.
عەلی ئەحمەد سلێمان هاووڵاتیی كوردی خەڵكی باشووری كوردستان لە ڕۆژی ٢٦ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٨٤ لە ناوچەی سنووریی “تەرگەوەڕ”ی ورمێ لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەكانەوە دەستبەسەر كراو، لە دادگای ئینقلابی ورمێ بە تۆمەتی ئەندامەتی لە یەكێك لە حیزبە كوردییەكان، حوكمی ٥ ساڵ و ٦ مانگ زیندان و دوور خرانەوە بۆ زیندانی تەورێزی بەسەردا سەپا.