وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران، لە کاردانەوە بە قسەکانی بایدن لە ئیسرائیل هەڕەشە لە ئەمریکا دەکا.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فارس ئەبولفەزل شکارچی، وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی هەینی ٢٤ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئەو هەواڵدەرییە، بەکارهێنانی ڕێکاری سەربازیی و زۆر بەدژی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەلایەن جەوبایدن سەرۆککۆماری ئەمریکا لە ئیسرائیل بەشەڕی دەروونی، وەهم وخەیاڵ و خەونی بەرپرسانی ئەمریکایی و ئیسرائیلی ناو برد و داوای کرد کە بەرپرسانی ئەمریکا و ئیسرائیل ڕووداوەکانی پێشوو بێننەوە پێش چاوی خۆیان و هەروەها وتیشی: قسەکانی جەوبایدن، سەرۆککۆماری ئەمریکا دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە، ئەو قسانە تەنیا بەمەبەستی ڕزگاری ئابووریی نەخۆشی ئەمریکا و دڵدانەوەی ئیسرائیل کراوە و ئەمریکا ناتوانێ بە زۆر و هێرشی سەربازیی ڕووبەڕووی ئێران ببێتەوە.
جێگەی ئاماژەیە کە لەسەفەرەکەی جەوبایدن سەرۆککۆماری ئەمریکا بۆ ئیسرائیل و واژۆکردنی بەیاننامەی قودس، ناوبراو جەختی لەسەر پێویستی پێکهێنانی هێزێکی هاوبەش لەبەرانبەر هەڕەشە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران و هەروەها پێشگرتن لە دەستپێڕاگەیشتنی ڕێژیمی ئێران بە چەکی ناوکیی کردەوە و وتیشی: ئەگەر ناچار بین لە هێزی سەربازیی بۆ پێشگرتن لە دەسپێڕاگەیشتنی ڕێژیمی ئێران بە چەکی ناوکیی کەڵک وەردەگرین.