دوو کۆڵبەری لاو خەڵکی جوانڕۆ لەکاتی چوون بۆ کۆڵبەری دەدرێنە بەر دەسڕێژی گوللـەی هێزەکانی ڕێژیم و بریندار دەبن.
دوو کۆڵبەری خەڵکی جوانڕۆ بە ناوەکانی “هێمن مروەتی” تەمەن ١٨ ساڵ و “جەماڵ”، سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی ٢٤ی پووشپەری ١٤٠١ی هەتاوی لە کاتی چوون بۆ کۆڵبەری لە سنووری نەوسوود سەر بە شاری پاوە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران بە سەختی بریندار بوون.
هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە سەر سنوور کاتژمێر ٦ی بەیانی لە شوێنێک بە ناوی “کەلەبەر” ئەم دوو کۆڵبەرەیان بە چەکی ساچمەیی داوەتە بەر دەستڕێژی گوللـە و پشتیان بە سەختی بریندار بووە و هێمن زیاتر لە ٢٠ پارچە ساچمەی بەرکەوتووە.
شایانی باسە ئەم دوو کۆڵبەرە خەڵکی جوانڕۆن و بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی قودس لە شاری پاوە گوازراونەتەوە.