رۆژی ١٤ی ژوئیه‌ی ٢٠٢٢ی زایینی (٢٣ی پووشپه‌ڕی ١٤٠١ی هه‌تاوی)، دادگای حه‌مید نووری یاریده‌ده‌ری به‌ناو دادیاری زیندانی گه‌وهه‌رده‌شتی که‌ره‌ج له ستۆکهۆڵم، پاش زیاتر له نه‌وه‌د دانیشتن و گوێگرتن له ده‌یان شایه‌تحاڵ و لێکۆڵینه‌وه له سه‌دان به‌ڵگه و فاکت، سه‌ره‌نجام ناوبراوی به تاوانی ده‌ستهه‌بوون له ئێعدامی به‌كۆمه‌ڵی زیندانیانی سیاسیی ئێران له ساڵی ١٩٨٨ (١٣٦٧) و ئه‌نجامدانی جینایه‌تی شه‌ڕ و قه‌تڵی عه‌مد له‌و پێوه‌ندییه‌دا، به زیندانی هه‌تا هه‌تایی مه‌حکوم کرد.
دادگای حه‌مید نووری خاڵی به‌یه‌ك گه‌یشتنی مشوور و ژیریی هێندێک له چالاکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران که زه‌مینه‌ی ده‌ستگیرکردن و تۆمارکردنی سکاڵا له‌و تاوانباره‌ی کۆماری ئیسلامی‌یان پێک هێنا له‌لایه‌ک و له‌لایه‌کی دیکه‌وه ئازایه‌تی و دادپه‌روه‌ریی دادستان و دادوه‌رانی سوئێدی بوو که به که‌ڵك وه‌رگرتن له هێندێک زه‌رفیه‌تی نوێی قانوونی جینایی نێوده‌وڵه‌تی به‌تایبه‌تی “سه‌ڵاحییه‌تی جیهانی” ده‌رفه‌تی پرۆسه‌یه‌کی که‌موێنه‌ی دادپه‌روه‌رییان له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ل تاوانبارێکدا ڕه‌خساند که هیچ پێوه‌ندییه‌کی هۆکاریی به ده‌وڵه‌تی سوئێده‌وه نه‌بوو.
گرینگیی دادگای حه‌مید نووری له‌وه‌دایه که له‌دوای دادگای تێرۆری شاپوور به‌ختیار له فه‌ڕانسه و دادگای میکۆنۆس سه‌باره‌ت به تێرۆری دوکتور شه‌ڕه‌فکه‌ندی له ئاڵمان و دادگای بێلژیک سه‌باره‌ت به پلانی ته‌قاندنه‌وه‌ی میتینگی موجاهیدین له ڤیلپهنتی پاریس، له‌و ده‌گمه‌ن حاڵه‌تانه‌ی تۆماری زیاتر له چوار ده‌هه تێرۆر و جینایه‌تی کۆماری ئیسلامی له‌نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵاته که له‌ودا مۆره‌کانی کۆماری ئیسلامی به‌هۆی جینایه‌ته‌کانیان حوکم دراون و له‌پشت وانیشه‌وه به‌شێوه‌ی راسته‌وخۆ یا ناڕاسته‌وخۆ به‌رپرسیارێتیی خودی ئه‌و رێژیمه ده‌ست نیشان کراوه. حوکمی دادگای حه‌مید نووری له‌و لایه‌نه‌شه‌وه پڕبایه‌خه که له‌کاتێکدا ده‌رده‌چێ که ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی زیاتر لهپێشووی خه‌ڵک له ئێران له‌گه‌ڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و دڵه‌ڕاوکێی ئه‌و رێژیمه سه‌باره‌ت به داهاتووی، کاربه‌ده‌ستانی ئه‌و ڕێژیمه‌ی هێناوه‌ته سه‌ر ئه‌وه که له یه‌ك کاتدا شه‌پۆلێكی نوێ له ده‌ستگیری و زه‌بر و زه‌نگ له‌نێوخۆی وڵات وه‌ڕێ بخه‌ن و قۆناغێکی نوێ له سات و سه‌ودای سیاسی له‌گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه به‌تایبه‌تی ئورووپاییه‌کان و ڕاست له‌سه‌ر په‌روه‌نده‌ی تێرۆره‌کان بگرنه‌به‌ر. ئه‌گه‌ر سه‌ره‌ڕای هه‌موو فشار و شانتاژهکانی، کۆماری ئیسلامی نه‌یتوانی پێش به دادگایی کردنی مۆره و نێرده‌کانی وه‌ک حه‌مید نووری و ئه‌سه‌دوڵڵا ئه‌سه‌دی بگرێ، به‌دوور نازانرێ که به کۆمه‌ڵێك هۆکاری ئێستای پێوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌وڵه‌تانی ئورووپایی مل بۆ هه‌وڵه‌کانی کۆماری ئیسلامی له‌پێناو راده‌ستکردنه‌وه‌ی مۆره‌کانی و ناکامکردنی کارزاری عه‌داڵه‌تخوازی بده‌ن.
ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان وێڕای ده‌ربڕینی سوپاس و ده‌سخۆشیی خۆی له‌حاند بوێری و سه‌ربه‌خۆیی ده‌زگای قه‌زایی سوئێد و پیرۆزبایی له که‌سوکاری قوربانییانی ئێعدامه به‌کۆمه‌ڵه‌کانی ساڵی ٦٧ و هه‌موو ئه‌و چالاکه ئێرانییانه‌ی له بردنه‌پێش و سه‌رخستنی ئه‌و که‌یسه‌دا نه‌خشیان هه‌بووه، سه‌رنجی کۆڕ و کۆمه‌ڵه سیاسی و به‌شه‌ردۆسته ئێرانی و ئورووپاییه‌کان بۆ لای دوو مه‌سه‌له راده‌کێشێ:
١/ ئێستا که که‌یسی حه‌میدی نووری وه‌ك که‌یسی ئه‌سه‌دوڵڵا ئه‌سه‌دی به ئاکامی دڵخواز گه‌یشتووه، پێویسته هه‌موو لایه‌ک به وشیاری و هه‌سته‌وه‌رییه‌وه چاوه‌دێریی جێبه‌جێ بوونی ئه‌و حوکمانه بکه‌ن و به ته‌وژمی لۆبیگه‌ری و مێدیایی خۆیان تێ‌بکۆشن پێشگیری له‌وه بکرێ که ساتوسه‌ودای ده‌وڵه‌تانی ئورووپایی له‌گه‌ڵ رێژیمی ئێران له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئاڵوگۆڕی حوکمدراوان له هه‌ردوولا چاره‌نووسێکی پێچه‌وانه‌ی بڕیاری دادگاکان نسیبی جینایه‌تکارانی کۆماری ئیسلامی بکا؛
٢/ له سه‌رده‌مێکدا که ئیدی تابووی پارێزبه‌ندیی کۆماری ئیسلامی و مۆره‌کانی له‌لای ده‌زگا قه‌زاییه‌کانی ئورووپا شکاوه و چه‌مکی سه‌ڵاحییه‌تی جیهانی ئه‌و هیوایه‌ی دروست کردوه که ناوه‌نده قه‌زاییه موعته‌به‌ره‌کانی ده‌وڵه‌تانی ئورووپا له تاوانه دژه مرۆییه‌کانی کۆماری ئیسلامی بپێچنه‌وه، جێی خۆیه‌تی هه‌موو هه‌وڵێک بدرێ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ره‌وته درێژه بکێشێ و زیاتریش به‌رهه‌م بدا. بۆ حیزبی ئێمه و گه‌لی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان هاوکات بوونی ده‌رچوونی حوکمی دادگای حه‌مید نووری له‌گه‌ڵ سی و سێهه‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی تێرۆری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕات دوکتور قاسملوو له ڤییه‌نی ئوتریش وه‌بیرخه‌ره‌وه‌ی هاوده‌ستیی ده‌وڵه‌تی ئه‌و وڵاته له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی بۆ پێشگیری له به‌دواداچوونی قه‌زایی ئه‌و جینایه‌ته و دیزه بهدهرخۆنهکردنیهتی.
به‌ڵام که‌یسی حه‌میدی نووری بۆ جارێکی دیکه ده‌ری ده‌خا که ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تانی ئورووپایی ته‌سلیمی شانتاژهکانی کۆماری ئیسلامی نه‌بن و لێگه‌ڕێن ده‌زگا قه‌زاییه‌کانیان ئه‌رکی خۆیان به دروستی به‌جێ بگه‌یه‌نن، هه‌م له قانوونی جینایی نێوده‌وڵه‌تیدا زۆر زه‌رفیه‌تی نوێ په‌یدا بووه، هه‌م به‌ڵگه‌کانی تاوانباریی کۆماری ئیسلامی و مۆره‌کانی فره و حاشاهه‌ڵنه‌گرن.
به‌شێوه‌یه‌کی تایبه‌تی، له که‌یسی تێرۆری دوکتور قاسملوودا له‌گه‌ڵ ئه‌وه که حوکمی جه‌لبی تێرۆریسته‌کان چه‌ندین مانگ دوای ناردنه‌وه‌یان بۆ ئێران ده‌رچوون، به‌ڵام ئیعتباری ئه‌و حوکمانه هه‌ر له جێی خۆیه‌تی و نه‌ك هه‌ر به‌ڵگه‌كانی به‌رپرسیارێتیی تێرۆریسته‌كان و کۆماری ئیسلامی له‌و جینایه‌ته‌دا بێئهملاوئهولان، به‌ڵكوو له‌دوای تێرۆرهکهوه تا ئێستا چه‌ندین فاکتی نوێ هاتوونه‌ته سه‌ر ئه‌و په‌روه‌نده‌یه که سه‌رله‌نوێ کردنه‌وه‌ی پاساو ده‌دا. ئه‌وه جیا له‌وه که ئه‌م که‌یسه به داخراو نایه‌ته ئه‌ژمار و جۆری جینایهتهکهش تێپه‌ڕینی زه‌مان نایگرێته‌وه. له‌وه‌ش زیاتر، به‌پێچه‌وانه‌ی که‌یسی حه‌مید نووری، له که‌یسی تێرۆری دوکتور قاسملوودا به‌هۆی بوونی پێوه‌ندی راسته‌وخۆی هۆکاری له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ئوتریش (به‌ڕێوه‌چوونی تێرۆره‌که له‌سه‌ر خاکی ئوتریش) په‌نابردن بۆ چه‌مکی سه‌ڵاحیه‌تی جیهانییش پێویست نیه و ئه‌گه‌ر ئیراده‌ی سیاسی هه‌بێ، ته‌نانه‌ت ئه‌وه که تۆمه‌تبارانی تێرۆری دوکتور قاسملوو چیدیکه له‌ده‌ست پۆلیسی ئوتریش‌دا نه‌ماون پێش به چالاک کردنه‌وه‌ی په‌روه‌نده‌ی ئه‌و تێرۆره و پێکهێنانی دادگایه‌ک ناگرێ، چونکه له که‌یسی له‌م جۆره‌دا ته‌نانه‌ت ده‌کرێ تاوانباران له‌سه‌ر بنه‌مای مێکانیزمی “کۆنتووماس” واته له غیابی خۆیاندا دادگایی بکرێن.
له‌گه‌ڵ هه‌موو به‌رچاوڕوونییه‌ك که ده‌بێ له ڕوانین بۆ واقعییه‌تی پێوه‌ندییه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان و مشتومڕی نێوان ئورووپا و ده‌وڵه‌ته دیکتاتۆره‌کانی وه‌ک کۆماری ئیسلامیمان هه‌بێ، ئێمه له‌و باوه‌ڕه‌داین که ئه‌گه‌ر هێز و بژارده‌کانی نه‌یاری کۆماری ئیسلامی هه‌موو توانا کارناسی و لۆبیگهرییهكانی خۆیان یه‌ک بخه‌ن، زه‌رفییه‌ته قانوونییه‌کان ده‌توانن له که‌یسه‌کانی دیکه‌شدا به‌رهه‌می وه‌ک که‌یسی حه‌میدی نوورییان لێ بکه‌وێته‌وه. به‌دووریشی نازانین که هه‌لومه‌رجی نێوده‌وڵه‌تییش -ئه‌گه‌ر ئێستا کۆماری ئیسلامی ته‌مای پێ به‌ستووه- دواتر سه‌رله‌نوێ به‌جۆرێک ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ردا بێ که به قازانجی ویستی عه‌داڵه‌ت و پێڕاگه‌یشتنی قه‌زایی جینایه‌ته‌کانی کۆماری ئیسلامی ته‌واو بێ.
له‌گه‌ڵ پیرۆزبایی له ڕه‌وتی دادخوازیی خه‌ڵکی ئێران و ئاره‌زووی ڕیسوایی زیاتر بۆ رێژیمی تێرۆریست و سه‌رکوتکه‌ری کۆماری ئیسلامیی ئێران.
حیزبی دێموکڕاتی کوردستان
ده‌فته‌ری سیاسی
١٥ی ژوئیه‌ی ٢٠٢٢ی زایینی (٢٤ی پووشپه‌ڕی ١٤٠١ی هه‌تاوی)