و. لە تورکییەوە: بەکر شوانی
“ئەم وەرگێڕانە پێشکەشە بە گیانی پاکی قاسملو و عەنتەر، دوو کەسایەتیی زۆر تایبەتی میللەتی ئێمە لە سەدەی بیستەمدا”
دوو گەنجی کوردی خەڵکی ورمێ لە ئیستانبوڵ دەیانخوێند؛ حوسێن قاسملو لە بەشی ناوخۆیی زانکۆی تەکنیکی دەژیا و لەو زانکۆیە دەیخوێند. ئەحمەد قاسملویش لە کۆلێژی پزیشکی دەیخوێند و لەو بەشی ناوخۆییە دەژیا کە من داممەزراندبوو. پێم وابێت ساڵی ١٩٤٥ بوو، ڕۆژێك حوسێن گەنجێکی تازەپێگەیشتووی چاوگەش و بلیمەتی بۆ لای من ھێنا و گوتی: “کاك موسا، ئەمەیش عەبدولڕەحمانی برا بچووکمانە.” عەبدولڕەحمان ئەو ساڵە لە ئێران قۆناغی ئامادەیی تەواو کردبوو و بۆ خوێندن ھاتبوو. گەنجێكی چوست و بەرچاو بوو. لە سەرتاپای جەستەی وزەی کۆمەڵایەتی ھەڵدەقوڵا. برا گەورەکانی، ئەحمەد و حوسێن وەك ئەو نەبوون. عەبدولڕەحمان ھەرەزیاد مەیلی بەلای ھونەرەوە بوو. دەیویست لە کۆلێژی ئەدەبیات سۆسیۆلۆژی بخوێنێت. لەوێ ناونووسم کرد. لە بەشە ناوخۆییەکەی من دەمایەوە. زۆربەی ئەو کاتانەی وانەی نەدەبوو، لای من کاتی بەسەردەبرد. ئەو بەردەوام بە ئاگری کورد و کوردستان دەسووتا. دوای نزیکەی پێنج مانگ ئارەزووی لە کۆلێژی ئەدەبیات نەما و سەرلەنوێ و لە سفرەوە دەستی پێ کردەوە. لە ھەموو ھەلێکدا بە منی دەگوت خوازیارە بچێت بۆ ئەوروپا. ئەو سەردەمە، ڕۆژی ھەینیی یەکەمی ھەموو مانگێك دەچوومە ماڵی دادە مەزییەت خاتوونی خوشکی کامەران بەدرخان لە شیشلی و لەوێوە تەلەفۆنمان بۆ کامەران بەگ دەکرد کە ئەو کاتە لە پاریس دەژیا. ڕۆژێك باسی ئارەزوو و لێھاتوویی ئەم گەنجەم بۆ کامەران بەدرخان گێڕایەوە. گوتی: “سەر سەر و سەرچاو. کوڕی خۆم، بۆم بنێرە. من لێرە بورسێکی بۆ دابین دەکەم.” کاتێك ئەم مزگێنییەم بە عەبدولڕەحمان گەیاند، فرە شادمان بوو. پێم گوت: “بەڵام مەرجێکم ھەیە؛ ئەگەر برا گەورەکانت ڕازی بن…” وەك ئاگر وابوو. ھەر ئەو ئێوارەیە ھەر دوو برا گەورەکانی گەیاندە کنم. ھەردووکیان ڕازی بوون، بەڵام گوتیان پارەی پێویستیان پێ نییە و نامە بۆ ئێران دەنێرن و پاشان عەبدولڕەحمان بۆ ئەوروپا بەڕێ دەکەن. گوتم: “پارەتان لێ ناخوازم. من ئەم ئەرکە دەگرمە ئەستۆ. برای ئێوەیە، برای منیشە.” عەبدولڕەحمان بە ماوەیەکی کورت ناوی خۆی لە زانکۆ سڕییەوە، بەڵگەنامەکانی ئامادە کرد و لە وێستگەی سرکەجییەوە بەرەو ئەوروپا بەڕێمان کرد. بێگومان شەڕی دووەمی جیھانی بەکۆتا ھاتبوو. عەبدولڕەحمان پاش ئەوەی گەیشتە پاریس، چ لە ڕووی زانستی و چ لە ڕووی ئەدەبییەوە پەیوەندی لەگەڵ من نەپچڕاند. دوای ئەوەی بە جوانی فێری زمان بوو و دەوروبەرێکی گونجاوی دۆزییەوە، ھەر بابەتێك دەربارەی ئاشتیی جیھانی ھەبوایە و ھەر بابەتێکی زانستیی ناو کتێبخانەکانی ئەوێ کە بۆ من سەرنجڕاکێش بوایە، نامە بۆمی دەنارد. کامەران بەگیش پێی سەرسام بوو. عەبدولڕەحمانیش بێ سنوور ڕێزی لە کامەران بەگ و ھاوسەری پۆڵۆنیایی وی دەگرت. ئەویش حسێبی کوڕی خۆی بۆ عەبدولڕەحمان دەکرد. کامەران بەگ لەبەرئەوەی خاڵی ھاوسەری من بوو، منی بە خوارزا ناودەبرد و جارێك لە تەلەفۆندا گوتی: “کوڕم، لەبەرئەوەی منداڵم نەبوو، خەمگین بووم. بەڵام تۆ و عەبدولڕەحمان ئەو کێماسییەتان بۆم پڕ کردەوە. ئێستا زۆر بەختەوەرم. بشمرم، وەجاغم ڕۆشنە.” کامەران بەگ بەو قسەیە شەرەفی پێم بەخشی و لە ژیانمدا گەورەترین میھرەبانی بۆم نواند. مەحاڵە بتوانم بە وشە گوزارە لەو شەرەف و شکۆیە بکەم. دوای نواندنی ئەو میھرەبانییە بەردەوام وا ھەستم دەکرد وەك ئەوەی کوڕی کامەران بەگ بم. بە درێژایی ژیانم ھەموو ھێز و توانای خۆم خستە کار بۆ پاراستنی ئەو شەرەفە. ئێستایش کەسایەتیی شکۆداری ئەو کڵاوڕۆژنەی ژیانی منە. پێم وایە ئامۆژگارییەکانی کامەران بەگ لە بواری ھەستی نەتەوەییدا ڕۆڵێکی گەورەیان لەوەدا ھەیە کە من توانیومە تا ئەمڕۆ لە سیاسەت و ئاکاردا لەسەر پێی خۆم ڕابوەستم. ئەگەر سەرنج بدرێت، عەبدولڕەحمانیش لەسەر ھەمان بیر و باوەڕ بوو. بەڵام ئەو لە من سوودمەندتر بوو، چونکە مردنەکەیشی شەرەفمەندانە بوو. وای چەند بەختەوەر دەبم ئەگەر منیش شانسم ھەبێت و وەك ئەو لە پێناوی گەلەکەمدا شەھید بکرێم! عەبدولڕەحمان ئێستا لە ناو گەلی خۆیدا وەك ئاڵا چەقیوە و بە ئاسمانەوە دەشەکێتەوە. ئەدی مەگەر ئەمە ترۆپکی شەرەف نییە؟!
سەرچاوە: کتێبی “بیرەوەرییەکانم”ی موسا عەنتەر…
تێبینی: موسا عەنتەر چەند مانگێك دوای تیرۆرکردنی د. عەبدولڕەحمان قاسلمو ئەم بیرەوەرییانەی نوسیوە. ڕێککەوت وابوو خۆیشی ئەو شانسەی بەرکەوت و ڕۆژی ٢٠ی سێپتەمبەری ١٩٩٢ ، واتە ٣ ساڵ و دوو مانگ و حەوتوویەك دوای تیرۆرکردنی د. قاسملو، لە تەمەنی ٧٢ ساڵیدا بەدەستی چەتەکانی دەوڵەتی تورك تیرۆر کرا.
ئەم بابەتە لە لاپەڕەی فەیسبووکی وەرگێڕ وەرگیراوە