وەزارەتی دەرەوی ئەمریکا دەسبەسەر کردنی چالاکانی سیاسی و مەدەنی، سینەماکاران و هەروەها ژنانی ناڕازی بە حیجابی زۆرەملێ لە ئێران بە سەرکوتی دزێوی دژبەرانی ئاشتیخواز ناوبرد و مەحکومی کرد.
ناوەندی دێموکراسی، مافی مرۆڤ و مافی کار لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا دەسبەسەرکردنی ئەم دواییانەی لە ئێران بە تایبەت دەسبەسەر کردنی چالاکانی سیاسی و مەدەنی، سینەماکار و دەرهێنەر و ژنانی ناڕازی بە حیجابی زۆرەملێی بە سەرکوتێکی شەرمهێنەری دژبەرانی ئاشتیخوزا ناوبرد و ئەو کارەی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی بە توندی مەحکوم کرد و وتی کۆماری ئیسلامی بەردەوام لە هەوڵی سەرکوت و سڕینەوەی جیابیران و دژبەرانی خۆی دابووە و ناهێڵێ خەڵک مافی ئازادیی بیروڕایان هەبێ.
جێی ئاماژەیە کە هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم لە ماوەی ڕابردوودا دەستیان بە گرتن و سەرکوتی خەڵکی ئێران، وەک مامۆستایانی قوتابخانەکان، خانەنشینکراون، چالاکانی سیاسی و مەدەنی، کرێکاری، سینەماکاران و ژنان و هەر وەها بنەماڵەی قوربانیانی مانگی خەزەڵوەر کردووە و لەو پێوەندییەدا عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیم بەجێی دۆزینەوەی ڕێگا چارەیەکی گونجاو بۆ بارودۆخی ئێران، وتی: دۆخی ئێستای ئێرانی وەک هاوشێوەی ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی ناوبرد و دەڵێ: خودای ساڵی ٦٠ هەر ئەو خودایەی ئێستایە