١١ ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە نێوخۆی ئێران لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا داوایان لە پارلمانی بلژیک کردووە کە ڕێککەوتنی گۆڕینەوەی بەندکراوان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران پەسەند نەکات.
ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، ١١ ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە نێوخۆی ئێراندا بەدەرکردنی بەیاننامەیەکی هاوبەش، سەرەڕای داواکردن لە پارلمانی بلژیک بۆ پەسەند نەکردنی ڕێککەوتنی گۆڕینەوەی بەندکراوان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران دەڵێن: پەسەندکردنی ئەو ڕێککەوتنە لەلایەن پارلمانی بلژیکەوە دەبێتە هۆی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و هەروەها ئەو ڕێککەوتنە سیاسیە دەستئاوەڵایی زیاتر بە بەبارمتەگرتنی هاوڵاتییانی ڕۆژاوایی بە ڕێژیمی ئێران دەدا.
لەبەشێکی دیکە لەو بەیاننامەیەدا، سەرەڕای ئاماژە بە وەیکە پەسەندکردنی ئەو ڕێککەوتنە مەترسییە بۆ سەر گیانی هاوڵاتییانی ئورووپایی، داوایان لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کردووە کە، ڕێژیمی ئێران لەهەمبەر پێشێلکارییە مرۆییەکان ناچار بە وڵامدانەوە بکەن.
جێگەی ئاماژەیە کە ڕێکخراوە مافی مرۆییەکانی کوردستان، ناوەندی عەبدولڕەحمان بروومەند، یەکیەتیی مافی ئازەرییەکان لە ئێران، ناوەندی سیامەند پوورزەند، ناوەندی بەڵگەکانی مافی مرۆڤی ئێران، مافی مرۆڤی ئێران، ڕێکخراوی مافی مرۆڤ بۆ هەموو “ئێرانی”یەک لە واژۆکەرانی ئەو بەیاننامەیەن.