ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٤ی مای بەرامبەر بە ٢٥ی بانەمەڕ، بە بەشداری دەیان کەس لە نوێنەرانی لاوانی کورد، کۆبوونەوەیەکی بەرینی یەکێتی لاوانی دیموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە شاری وێسترۆس،ی وڵاتی سوید، بەڕیوە چوو.
ئەو کۆبوونەوە کە بە بەشداری نوێنەرانی کومیتەی دەرەوەی وڵاتی یەکێتی لاوان، کومیتەی گشتی حیزب دیموکراتی کوردستان و یەکێتی ژنانی دیموکراتی کوردستان لە سوید و کۆمەڵێک لە بنەماڵەی لاوان بەڕێوەچوو، سەرتا بە سروودی نەتەوەیاتەی ئەی رەقیب و یەک خولەک بیدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان دەستی پێکرد. پاشان بەڕێوەبەری بەرنامەکە، خاتوو باوان کەریمی ڕیزی بەرنامەکانی کۆبوونەوەکەی خوێندەوە. بە دوای ئەو دا خاتوو موژدە عەزیزی، ئەندامی دەستەی بەڕێوە کومیتەی دەرەوەی وڵاتی یەکێتی لاوان کورتەیەکی سەبارەت بە کاروچالاکییەکانی ئەو ڕێکخراوەیە لە ساڵانی رابردوو دا لە سوید و لە هەموو وڵاتانی ئوروپا پێشکەش کرد. پاشان کاک جەعفەر ڕەسووڵی بەرپرسی کومیتەی دەرەوەی وڵاتی یەکێتی لاوان چەند وتەیەکەی سەبارەت بە دەوروو کاریگەری ڕێکخراوەکەیان لە رەوتی خەبات و شۆڕشی کورد بە درێژایی دەیان ساڵی رابردوو لە ڕۆژهەلاتی کوردستان و هەروەها هۆشێار کردنەوە و ڕیکخستنی لاوان لە دەرەوەی وڵات، هێنایە زمان. ئینجا کۆمەڵێک لە بەشداران کە پێشتر ئەندامی یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان بوون، سەبارەت بە کاروچالاکییەکان و گرینگی ئەو ڕێکخراوە و ئەزموونی خۆیان لە سەردەمی لاوییەتی دا بۆ بەشداران دووان. ئینجا لاوی دەنگ خۆش کازیوە فەتحیان گۆرانێیەکی بە زمانی ئینگلیسی پێشکەش کرد.
بەشی دووهەمی کۆبوونەوەکە تەرخا کرا بۆ هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبەری کومیتەی یەکێتی لاوان، کە لەو بەشەش دا کۆمەڵێک لە کوڕان و کچانی لاوی دیموکرات، خۆیان بۆ وەئەستۆ گرتنی ئەرک و چالاکی ڕێکخراوەکەیان لە دەورەیەکی نوێی خەبات دا بەربژێر کرد و ئەرکی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی یەکێتی لاوانی دیموکراتی ڕۆژهەلاتی کوردستان، لە وڵاتی سویدیان گرتە ئەستۆ.
بەشی کۆتایی بەرنامەکە دا تەرخان کرا بۆ چەند چالاکییەکی هونەری، کە لەو بەشەش دا تیپی مۆسیقای ” جەوان” کە لە لایان چەند لاوێکی دەنگخۆشەوە دامەزراوە چەندین گۆرانی کوردی وئینگلیسی پێشکەش کرا و لە ناو خۆشی و شایی لاوانی بەشدار کۆتایی پێ هات.