عەلیڕەزا بەیگی، نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم دەڵێ: سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەمەبەستی پشتگوێ خستنی خەڵک داڕێژراوە.
عەلیڕەزا بەیگی، نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم، ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی” عەسرێ ئێران” بەئاماژە بەوەیکە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ پشتگوێ خستنی خەڵک داڕێژراوە وتی: ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکی ئێران، بەهۆی شێوەی خراپی دەسەڵاتداری و ڕێکارە نەگونجاوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژبەڕۆژ زیاتر پەرە دەستێنێ.
ناوبراو لەسەر کارکردی مەجلیس وەکوو یاسادانەر وتی: مەجلیس و دەوڵەتی ئێران خەریکی نان بەقەرز دانن لەهەموو کێشە و گرفتەکانی وڵاتدا، ئەم شێوازە لە کارکردن بەرنامەی دەوڵەتی پێشوویش بووە.
عەلیڕەزا بەیگی لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: لە ڕاستیدا لە نێوان ئەو کێشانە کە بەرۆکی کۆمەڵگەی گرتووە و ئەوی کە لە مەجلیسدا قسەی لەسەر دەکرێ مەودا و کەلێنێکی زۆر هەیە.