کاربەدەستانی ڕیژیمی ئێران پاش دەسبەسەرکردنی کوێرکوێرانەی خەڵکی ئێران ئەو جار دایکی قوربانیان و دەسبەسەر کراوانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوییان دەسبەسەر کردووە.
ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، کۆمەڵێک لە بنەماڵەی کوژراوانی مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بە تۆمەتی “وەرگرتنی پارە بۆ درووستکردنی پشێوی و تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی” دەسبەسەر کراون.
بەپێی ڕاپۆرتەکان هێزەکانی ڕێژیم بە شێوەیەکی دڕندانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەی قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی و دەیان کەس لە دایک، خوشک و برا و مامی گیان بەختکردوان و دەسبەسەرکراونی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوییان لە تاران و کەرەج دەسبەسەر کردووە.
ئەو دایکانەی کە لە مانگی خەزەڵوەردا منداڵەکانیان لە دەستداوە و داوای دادگاییکردن و مەحکومکردنی بەرپرسانی ئەو کوشتارانە دەکەن بە “دایکانی خەزەڵوەر و دادخواز” ناسراون و دەڵێن تا وەرگرتنی تۆڵەی مناڵاکانیان دەست هەڵناگرن و هیچ ترسێکیان لە کۆماری ئیسلامی نییە.
مانگی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی، خەڵکی ئێران بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بە گرانبوونی نرخی بەنزین ڕژانە سەر شەقامەکان و و ئەو خۆپیشاندانانە لەلایەن هێزەکانی ڕیژیمەوە بە توندترین شێوە سەرکوت کرا و زیاتر لە ١٥٠٠کەس کوژران و هەزاران کەسیش دەسبەسەر کران.
جێی وەبیرهێنانەوەیە ڕێژیمی ئێران لە کاتی هاتنە سەرکارییەوە تا ئێستا بەردەوام بۆ سەرکوتکردن و بێدەنگ کردنی دژبەرانی خۆی کەڵکی لە شێوازی جۆراوجۆری ئەشکەنجە و چەوساندنەوە وەورگرتووە و بۆ سەرکوتی دژبەرانی دەستی لە هیچ چەشنە توندوتیژییەک نەپاراستووە.