ئێوارە درەنگانی دوێنێ شەممە، عەوڵای داشی ناسراو بە عەوڵای مام شەریفی خەڵکی ئاوایی لاوێنی ناوچەی پیرانشار دوای ماوەیەک بەربەرەکانی لە گەڵ نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.
مام عەوڵا، کە کەسایەتییەکی خاوەن تایفەو خزم زۆر بوو، نەک هەر لە ئاوایی لاوێن بەڵکوو لای خەڵکی ناوچەکانی پیرانشار، شنۆ و بۆکانیش جێگای ڕێزو خۆشەویست بوو. ئەو کەسێکی ڕاستوێژو قسە خۆش بوو و بەردەوام هەوڵی تەبایی و یەکڕیزیی خەڵکی دەدا، بەو هۆیەشەوە کە نیشتمانپەروەر و دڵسۆزی نەتەوەکەی بوو و هەموو کات بوێرانە و ڕاشکاوانە پشتیوانیی لە خەباتی ئازادیخوازیی نەتەوەکەی وحیزبی دیموکرات دەکرد، لای خەڵک جێگای متمانە بوو.
ناسیاویو تێکەڵاویی عەوڵای مام شەریفی لە گەڵ تێکۆشەرانو شۆڕشگێڕانی نەتەوەکەی، دەگەڕێتەوە بۆ دەیەی٤٠ی هەتاوی کە ناوچەکانی پیرانو لاجانیش ببوون بە مەیدانی تێکۆشانی شۆڕشگێڕانی دیموکرات بە تایبەتی مراد شیرێژو کۆمەڵێک تێکۆشەری ئەو ناوچەیە کە متمانەیان بە کاک عەوڵا هەبوو و لە کاتی پێویست دا، داوای هاوکارییان لێ دەکرد.
لە دوای دەست پێکردنەوەی تێکۆشانی ئاشکرای حیزبی دیموکرات، مام عەوڵا وەک زۆر لە خەڵکی کوردستان، بوو بە هاوکارو پشتیوانی حیزبی دیموکراتی کوردستان. کۆمیتەکانی حیزبو لقەکانی پێشمەرگە لە ناوچەی پیران، بە هاوکاری و پشتیوانیی مام عەوڵا دڵگەرم بوونو دڵنیابوون کە بۆ هەر هاوکارییەک ڕابسپێرنە لای مام عەوڵا، نەک هەر خۆی بەڵکووخەڵکی ئاوایی لاوێنیش بە ڕێنوێنی و هاندانی ئەو پیاوە، بە دەنگیانەوە دێن.
مام عەوڵا لەم سالانە دوایی دا ئەگەرچی تەمەنی چووبووە سەرو لە گەڵ نەخۆشی بەرەوڕوو بوو، بەڵام لە پەیمان نوێکردنەوە لە گەڵ تێکۆشەرانی حیزبی دیموکرات و پشتیوانی کردنی بە ئاشکرا لە مافەکانی نەتەوەکەیو خەباتی ڕۆڵەکانی دیموکرات لە هەموو شوێنو مەجلیسێک، نەدەپرینگایەوە.
بە کۆچی دوایی مام عەوڵای شەریفی، حیزبی دیموکراتی کوردستان دۆستو دڵسۆزێکی لە مێژینەی لە دەست دا. ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان، بەم بۆنەیەوە سەرەخۆشی لە بنەمالە و کەسوکاری مام عەوڵا لە ناوچەکانی پیرانشار، شنۆ و بۆکان دەکا و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێ.