ڕێژیمی ئێران بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و کۆنتڕۆڵکردنی جلوبەرگی خەڵکی ئێران لەلایەن هێزی ئینتیزامییەوە “پۆلیسی ئەمنییەتی ئەخلاقی” بەهێزتر دەکا.
هاوکات لەگەڵ توندبوونی گوشاری ناوەندەکانی سەر بە ڕێژیم بۆ سەر خەڵک لە بەرامبەر حیجابی زۆرەملێ و بەردەوامیی ناوەندەکانی “بانگەشە بۆ بە ناو چاکە و دووری لە خراپە”، نارەزایەتییەکانی خەڵکیش سەبارەت بەو هەوڵانەی ڕێژیم زیادی کردووە، ئەوە لە کاتێکدایە کە هێزی ئینتزامیی ڕێژیم باس لە دامەزرانی “پۆلیسی ئەمنییەتی ئەخلاقی” دەکا بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کەسانی بێحیجاب.
لە نوێترین ناڕەزایەتییەکان لەلایەن خەڵکی ئێرانەوە لە بەرامبەر حیجابی زۆرەملێ، ژنێک لە مازەندەران بەلابردنی لێچکەکەی و هاوارکردنی ئازادی ئازادی لە شەقامەکان کەوتە بەرهێرشی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەڵام بە پشتیوانیکردن لەلایەن خەڵکەوە نەیانهێشت کە دەەسبەسەر بکرێ.
جێی ئاماژەیە کە لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا گوشارەکان و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو ژنانەی کە داوای “مافی هەڵبژاردنی لەبەرکردنی جۆری جلوبەرگ” دەکەن بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و ئەو بڕیارە پیاوانیش دەگرێتەوە، لە نێو خەڵکی ئێران و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناڕەزایەتیی زۆری لێکەوتۆتەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا ئیبراهیم ڕەییسی سەرۆککۆماری ڕێژیم، بە ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕایگەیاندبووکە بە توندترین شێوە لەگەڵ کەسانی بێحیجاب ڕووبەڕوو ببنەوە و لە کەس خۆش مەبن.
ئەو هەموو گوشار و زەبر و زەنگە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بۆ سەر ژیان و جۆری لەبەرکردنی جلوبەرگی خەڵک لە ئێراندا لە کاتێکدایە بەپێی ئاماری دامەزراوەی “گەمان” کە دوو ساڵ لەمەوبەر بڵاو کرایەوە سەتا ٧٢ی خەڵکی ئێران دژی حیجابی زۆرەملێن.