ئیسماعیل خەتیب، وەزیری ئیتلاعاتی ڕێژیم دەڵێ: لە ئێستادا بە دەیان دەزگای زانیاری و ئیتلاعاتیی بەدژی ڕێژیمی ئێران لە دەروە چالاکیی دەکەن و بوودجەی ئەو دەزگا ئیتلاعاتییانە بە ئەندازەی هەموو بوودجەی ئێرانە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەری مێهر، ئیسماعیل خەتیب، وەزیری ئیتلاعاتی دەوڵەتی ئیبراهیم ڕەئیسی، ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئەو هەواڵدەرییە، سەرەڕای وتنی ئەوەیکە ناڕەزایەتییە خەلکییەکان لەنێوخۆی ئێران لەلایەن وڵاتانی نەیاری کۆماری ئیسلامییەوە سازماندەهی دەکرێ وتوویە: ناڕەزایەتییە گشتییەکانی خەڵک پیلانی نوێی نەیارانی کۆماری ئیسلامییە و ئامانجیان لەو کارە بێ هیواکردنی خەڵکە لە دەوڵەت و کۆماری ئیسلامیی ئێران و دوژمنانی ئێران دەیانهەوێت کارامەیی و لێهاتووی نیزام ببەنە ژێر پرسیار.
خەتیب لەدرێژەدا بەئاماژە بە ئەو ڕاپرسییە حکوومەتییانە وتی: سەرەڕای هەموو گوشارە ئابوورییەکان و باری خراپی گوزەرانی خەڵکی ئێران، بەپێی ئەو ڕاپرسییە کە دامودەزگا حکوومەتییەکان لە خەڵکی نێوخۆی ئێرانیان کردووە، خەڵکی ئێران هیوایان بە داهاتووی ئێرانە.
جێگەی ئاماژەیە کە خەڵکی ئێران لەماوەی ڕابردوودا بەهۆی قەیرانی زۆر و گرانی لەڕادەبەدەری پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان بەردەوام بەدژی ڕێژیم خۆپیشاندان دەکەن ودەڕژێنە سەر شەقامەکان و کە چی بەرپرسانی ڕێژیم دەڵێن: ئەو ناڕەزایەتییگەلە لەلایەن نەیارانی کۆماری ئیسلامییەوە ریک دەخرێ.