پشتیوانیی ئەندامێکی هەیئەتی مەرگی رێژیم لە ئێعدامە بەکۆمەڵەکانی ساڵی ٦٧ی هەتاوی لە ئێران
حوسێنعەلی نەیێری، دادوەری کاتی ئێعدامە بە کۆمەڵەکانی ڕێژیمی ئێران، بە پشتیوانیی کردن لە بڕیارەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەبارەت بەدژبەرانی ڕێژیم وتی: لەو کاتەدا نەدەبوو وڵات بە بەقوربانت بم، بەڕێوە ببەی.
حوسێنعەلی نەیێری، دادوەری ئەوکاتی ڕێژیمی ئێران و یەکێک لە ئەندامانی هەیئەتی مەرگ، بەمەبەستی پشتیوانیی کردن لە ئێعدامە بەکۆمەڵەکانی بەندکراوانی سیاسیی لە ساڵی ٦٧ی هەتاوی، ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی لە وتووێژێکدا لەگەڵ” ناوەندی بەڵگەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران” بارودۆخی ئەو کاتی ئێرانی لە دەیەی ٦٠ی هەتاویدا بە هۆکاری ئیعدامە بەکۆمەڵەکانی بەندکراوانی سیاسیی ناوبرد و وتی: لەو بارودۆخە خڕاپەدا دەبێ چیمان بکردایە؟ دەبوو بڕیارێکی لێبڕاوانە بۆ مانەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ولەنێو بردنی دژبەرانی ئێران بدەین.
ناوبراو لەسەر هۆکاری دووبارە دادگایی کردنەوەی بەندکراوانی سیاسیی کە لە بەندیخانەدا بوون وتی: ئەو بەندکراوانە دووبارە لە بەندیخانەدا پڕوپاگەندەیان بەدژی نیزام دەکرد و هاوکاریی و یەکیەتیی خۆیانیان لە بەندیخانەدا پاراستبوو و جیاواز لەوەیکە لەنێو بەندیخانەشدا تەشکیلاتی خۆیان هەبوو، لە دەرەوەی بەندیخانەش تەشکیلاتێکی نوێیان پێک هێنابوو، کە خەسارێکی گەورەی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەدا.
جێگەی ئاماژەیە کە هیئەتی مەرگ لە ساڵی ٦٧ی هەتاوی پێکهاتبوو لە حوسێنعەلی نەیێری، دادوەری ئەوکات، مورتەزا ئەشراقی، دادستان، ئیبراهیم ڕەئیسی، جێگری دادستان و سەرۆککۆماری ئیستا و مستەفا پوورمحەممەدی، نوێنەری ئەو کاتی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە بەندیخانەی ئێڤین، کە هەموویان بە بڕیاری خومەینی، حوکمی ئێعدامە بەکۆمەڵەکانیان بۆ بەندکراوانی سیاسیی دەرکرد.