ڕاگەیاندنەکانی ئیسرائیل، باس لەوە دەکەن کە ئیسرائیل تا ڕادەیەکی زۆر دەستی لە زەربە لێدان لە دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران هەڵگرتووە و لە پلانێکی نوێدا دەیهەوێ هێرشەکانی بۆ سەر ئامانجگەلێکی پێوەندیدار بە بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێرانەوە زیاد بکا.
کاناڵی ١٢ ئیسرائیل و ڕۆژنامەی” تایمزی ئیسرائیل” ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، لە ڕاپۆرتێکدا لە زاری سەرچاوە هەواڵییەکانەوە ڕایگەیاند کە، ڕێژیمی ئێران بە کردەوە، هێندە ئۆرانیۆمی پیتێندراوی هەیە کە بتوانێ بۆمبی ناوکیی بەرهەم بهێنێ، بۆیە لەئێستادا ئیسرائیل هێرش بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ڕاگرتووە و لە پلانێکی نوێدا دەیهەوێ هێرش بکاتە سەر ئەو ئامانجانەی کە پێوەندییان بە بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێرانەوە هەیە وەکوو، کوشتنی بیرمەندان و زانایانی ناوکیی، هێرش بۆ سەر بنکەکانی پەرپێدانی مووشەک و بەرنامەی چەکوچۆڵی ئێران و هێزی ڕێژیمی ئێران بۆ سوارکردنی کڵاوەی ناوکیی لەسەر مووشەک و لە نێو بردنیان.
بە وتەی کاناڵی ١٢ی ئیسرائیل، ئەو قەناعەت و باوەڕە هەیە کە، ئیسرائیل، هێرشی زۆری کردۆتە سەر بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران لە چوارچێوەی هێرشی سایبێری، هێرش بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکان، کوشتنی بیرمەندان و زانایانی ناوکیی و بەرپرسانی باڵای بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران و لە ئێستادا دەێهەوێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ڕێژیمە پلان و ئیستراتیژی خوی بگۆڕێ.