لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا سێ هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی شنۆ ، پیرانشار و مهاباد لەلایەن هێزەکانی ئیتلاتی ڕیژیمەوە دەسبەسەر کراون.
بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان (چاونیوز)، لە ماوەی چەند ڕۆژی رابردوودا سێ ماشێن لە هێزە ئیتلاعاتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان بردووەتە سەر ماڵی هاونیشتمانییەکی خەڵکی ئاوایی “سینگان” سەر بە شاری شنۆ و کەسێک بە ناوی “سەلاحەدین ئەحمەدی”یان، دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستووە.
هەر وەها هاونیشتمانییەکی خەڵکی ئاوایی “لەج” سەر بەشاری مەهاباد بە ناوی “نادر بایەزیدی” لەلایەن ئەو هێزانەوە دەسبەسەر کراوە.
لەدرێژەی دەسبەسەر کردنی هاونیشتمانیان لەلایەن ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە ڕێژیمەوە،مامۆستایەکی ئایینی خەڵکی پیرانشار بە ناوی”مەلا یۆنس نەوخاهـ” لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەسبەسەر و بۆ لێپێچینەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری ورمێ گوازراوەتەوە.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە لەماوەی یەک حەوتووی رابردوودا لە شارەکانی میاندواو، مەهاباد، پیرانشار و شنۆ لانیکەم ١٠ هاونێشتمانی بەبێ بەڵگەی قەزایی دەسبەر کراون و تا ئێستا لە هۆکاری دەسبەرکردنیان هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.