پاش دەسبەسەر کردنی محەممەد ڕەسووڵ ئۆف و مستەفا ئالئەحمەد، دوو دەرهێنەری سینەمای ئێران، ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و چالاکانی فەرهەنگیی نێوخۆ و دەرەوەی ئێران، سەرەڕای مەحکوم کردنی ئەو کارەی ڕێژیم، خوازیاری ئازادکردنی بەبێ مەرج و خیرای ئەو دوو کەسەبوون.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان ڕۆژی هەینی ١٧ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، دوو دەرهێنەری ناسراوی ئێرانی بە ناوەکانی “محەممەد ڕەسووڵ ئۆف و مستەفا ئال ئەحمەد” لە واژۆکەرانی بەیاننامەی ناڕەزایەتیی “تفنگت را زمین بگذار” لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران و لەو پەیوەندەییەدا سەدان کەس لە سینەماکاران، چالاکانی فەرهەنگی و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات وێڕای مەحکومکردنی زەبر و زەنگی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕیژیم بۆ سەر سینەماکاران خوزایاری ئازادکردنی خێرا و بەبێمەرجی ئەو دوو دەرهێنەری سینەما بوون.
بەپێی هەواڵی ناوەندەکانی سەر بە ڕێژیم ئەو دوو دەرهێنەرە ڕەخنەگرە بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ هێزەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران و تێکدانی بیر و ڕای گشتی لە کاتی ڕووخانی بینای مێترۆپۆلی ئابادان دەسبەسەر کراون.
جێی وەبیرهێنانەوەیە کە ڕۆژی ٨ی جۆزەردانی ئەمساڵ زیاتر لە سەد سینەماکار لە بەیاننامەیەکدا داوایان لە هێزە نیزامییەکانی سەرتاسەری ئێران کردبوو کە “چەکەکانیان دابنێن و بگەڕێنەوە باوەشی گەل” ئەو دوو دەرهێنەرەش لە واژۆکەرانی ئەو بەیاننامەیە بوون.