کاک عومەر قادری کەسایەتی خۆشناو و ناسراوی ناوچەی شنۆ و دەورووبەری، بەهۆی نەخۆشییەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ورمێ بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، کاک عومەر قادری خەڵکی گوندی “سۆفیان”ـی سەربە شاری شنۆ و کەسایەتی خۆشناو و ناسراوی شاری شنۆ و دورووبەری، لە تەمەنی ٧٤ ساڵیدا بە هۆی نەخۆشییەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ورمێ بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە کەسوکاری کرد و لە شاری شنۆ بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپەردە کرا.
کاک عومەر، لە بنەماڵەی گەورەی ناسراوی “قادری”ـی ناوچەی شنۆ بوو و ساڵی ١٣٤٩ی هەتاوی، وەکوو مامۆستای زانست لە قۆناغی دواناوەندیی قوتابخانەکانی شاری شنۆ وانەی گوتووەتەوە.
ئەو بنەماڵەیە هەر لەسەرەتای دامەزراندنی کۆماری کوردستان و حیزبی دێموکراتەوە و دوای ڕاپەڕینی گەلانی ئێران، چالاکانە لە خەباتی کوردایەتی و نیشتمانپەروەریدا بەشداریی شۆڕشیان کردووە و هەروەها کاک عومەر برای “نەبی قادری” ئەندامی ڕێبەری حیزبی دێموکراتە.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانە وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک عومەر، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان پێشکەش بە بنەماڵە، کەسوکار و هەموو خەڵکی ناوچەی شنۆ دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.