ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا بۆ وڵاتانی ئەندام لەو ڕێکخراوەیە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە، ڕێژیمی ئێران بە دامەزراندنی سانتریفیوژگەلێکی پێشکەوتوو لە دامەزراوەی ناوکیی فۆردۆ، پیتاندنی “ئۆرانیۆم”ی خێراتر کردووە.
هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، ڕۆژی شەممە ١٨ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، بەبڵاوکردنەوەی نوێترین ڕاپۆرتی ئاژانسی نێونەتەوەیی وەزی ناوکیی لەسەر بەردەوامیی پێشێلکارییە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا نووسی: ڕێژیمی ئێران بە دامەزراندنی سانتریفیوژگەلێکی پێشکەوتوو لە دامەزراوەی ژێرزەوینیی فۆردۆ، بەرهەمهێنانی گازی هێگزافلوراید ئۆرانیۆمی لەسەتا ٥ پیتێندراویان لە جۆری سانتریفیوژی پێشکەوتووی” ئای ئێڕ ٦” دەسپێکردووە و پیتاندنی ئۆرانیۆمیان خێراتر کردۆتەوە.
لەبەشێکی دیکەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی وزەی ناوکییدا هاتووە کە، ڕێژیمی ئێران بەردەوامە لە پێشێلکارییە ناوکییەکان، ئیزنی لێکۆڵینەوە وسەردان بە لێکۆڵەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی لەدامەزراوە ناوکییەکانی نادا و ڕۆژبەڕۆژ زیاتر نزیک دەبێتەوە لە بەرهەمهێنانی چەکی ناوکیی و دەبێ بە خێراترین کات پێش لە چالاکییە ناوکییەکانی ئێران بگیردرێ.