ئەمریکا و وڵاتانی ئاڵمان، فەرانسە و بریتانیا، سەرەڕای دەربڕینی نیگەرانییەکانیان لەهەمبەر پەرەسەندنی بەرنامەی ناوکیی ئێران، داوایان لە تاران کردووە کە، داواکارییە نابەجێیەکانی وەلا بنێ و ڕێککەوتنی ناوکیی خێرا واژۆ بکا.
نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی شەممە ١٨ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، سەرەڕای ئاماژە بە پەرەسەندنی خێرای بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران وتی: بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێ داواکارییە نابەجێیەکانیان لە ڕێککەوتنی بەرجام وەلا بنێن و بە خێراترین کات بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی وتووێژەکان.
ناوبراو هەروەها وتیشی: لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بە چەندین جار تیمی وتووێژی ئێران داواکاریی نابەجێ و جیاواز لە وتووێژە ناوکییەکانیان هێناوەتە بەرباس و نەیانویستووە کە وتووێژەکان بە ئاکام بگا و لە دوایین دانوستان بۆ بووژانەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی لە قەتەر بەهۆی زێدەخوازییەکانی ئێرانەوە ئەو دانیشتنە بە بێ هیچ ئاکام و دەسکەوتێک کۆتایی پێهات.