ناوەندی فەرماندەیی ئەرتەشی ئەمریکا، بەئاماژە بە ئیرادەی پۆڵاینی ئەمریکا بۆ پێشگرتن لە چالاکییە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران وتی: هێزەکانی ئەرتەشی ئەمریکا لە عەمەلیاتێکدا دەستیان بەسەر بارێکی قاچاخی چەکوچۆڵی ڕێژیمی ئێراندا گرتووە.
سەرهەنگ جۆزێڤ بۆچینۆ، وتەبێژی ناوەندی فەرماندەیی ئەرتەشی ئەمریکا” سێنتکام” ڕۆژی شەممە ١٨ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە، ناوشکێنی ئەمریکا کە پشتیوانیی لە هێزە دەریاییەکانی بریتانیا دەکرد، چەند ڕۆژی ڕابردوو لە ئاوە نێونەتەوەییەکانی عەمماندا دەستی بەسەر بارێکی چەکوچۆڵی قاچاخی ڕێژیمی ئێراندا گرتووە.
بەپێی وتەکانی وتەبێژی” سێنتکام” لەو عەمەلیاتەدا چەندین مووشەکی زەوین بە ئاسمان و چەندین ماتۆڕی مووشەکی کرووز، کە ڕێژیمی ئێران بەرهەمی دێنێ دەستی بەسەردا گیراوە.
ناوبراو هەروەها وتیشی: ئەمریکا بەهیچ جۆرێک ئیزنی چالاکیی تێرۆریستی و تێکدەرانە بە ڕێژیمی ئێران نادا.
سەرهەنگ بۆچینۆ لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا وتی: ئێمە پشتیوانیی لە هەموو هاوپەیمانەکانمان دەکەین و ئیزن نادەین ڕێژیمی ئێران بەرژەوەندییەکانی هاوپەیمانەکانمان بخاتە مەترسییەوە.